لەبارەی كشاندنەوەی پرۆژە یاسای میدیای ئەلكترۆنی، قوباد تاڵەبانی، وتارێكی بڵاو كردەوە، ئەوەی مایەی خۆشحاڵی یە بەرگریەكی رەهای تیایە بەرامبەر ئازادی رادەربڕینو خواستی بەرگرتن لە خراپ بەكارهێنانی یاساكان دژ بە نوسەران و هاوڵاتیان و ئازادی.
بەڵام.
هەموو دەسەڵاتێكی سیاسی، حەزێك لە نەستیدایەو دەیەوێ ئازادیەكان بەرتەسك بكاتەوە بە تایبەت لەم ناوچەیە، هیچكام لە دەسەڵات و دەسەڵاتداران نیە پێی خۆش بێ مێدیایەكی دروستی هەبێتو رەخنە بگرێت، بەڵكو هەمیشە حەزیان بەوەیە میدیا وەك سەربازێكی ئەوان فەران جێبەجێ بكاتو بەرگریان لێ بكات.
ئێستاش دەرەتان هەیە بۆ بەخۆداچونەوە، چونكە كێشە بە تەنیا ئەو یاسایە نیە، بەڵكو ئاگرەكە لەشوێنێكی ترە و ئەمە تەنیا دوكەڵەكەیەتی كە ئەمەی دروست كردوە.
پێمان خۆش بێ یان نا، ئێستا قوباد تاڵەبانی و براكەی و ئامۆزاكەی، دەسەڵاتی یەكەمن لە یەكێتیدا، دەكرێت لەوێوە ئەم ئاگرە خامۆش بكەن، چۆن:
- كاتێك پارلەمانتار لەسەر بنەمای وەلائی شەخسی و تەكەتول سەربخرێت، بێگومان عاقیبەتت ئەوەیە كە یاسای لەم جۆرەت بۆ بەرهەم بێنن.
- كاتێك میدیای حزبەكەتان فەرامۆش كردو هەریەك خەریكی میدیای تایبەت بە خۆتان بوو، ئیدی سۆشیال میدیایەكی لەو جۆرە بەرهەم دێت، چونكە میدیا دەبێتە پاشكۆیەكی بێدەسەڵاتو بێدەرەتان و كەس خۆی تیا نابینێت.
قوباد تاڵەبانی، كە ئێستا زۆر كامڵترە لەروی سیاسی وەك لەو كاتەی سەرەتا چوە ناو حكومەتەوە، دەبێت كە بیر لەوە بكاتەوە بۆچی دەكرێتە ئامانجی هێرش، خۆ تەنها پەیوەست نیە بە سۆشیال میدیا، بەڵكو هۆكاری تریشی هەیە لەناو حزبەكەی خۆیەوە سرەچاوە دەگرێت بە هۆی نەبونی چاودێری و سزا و پاداشت.
بۆ یاساكە:
بۆ یاسای میدیای ئەلكترۆنی، پێویستە كەسانی پسپۆر هەم لە یاسا و هەم لە میدیا پرۆژەكە ئامادە بكەن، ئەوەی راوێژكار بوو مەرج نیە شارەزا بن، چونكە ئەو پۆستانەیان بە بەخشش و دیاری وەرگرتوە نەك بە توانا و لێهاتوویی.
یەكێك لە باشیەكانی خولەكانی پێشووی پارلەمان ئەوە بوو كە یاساكان پێش ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بكرێت، پیشانی خەڵكی شارەزا دەدرا، راوێژ بە سەندیكا و رێكخراوە پەیوەندیدارەكان دەكرا، وۆركشۆپی لە هۆڵی پەناگیری بۆ دەكرا، خۆم شایەتی چەند شتێكی لەو شێوەیە بوم، تەنانەت خودی دكتۆر ئەرسەلان بایز و دكتۆر یوسف لە نزیكەوە گوێیان دەگرت بۆ ئەو پێشنیازانە.
پێویستە بۆ ئەم یاسایانە لەم خولەشدا بەو شێوەیە بێت، گومانی تیا نیە فەزای فەیسبوك و سۆشیال میدیا بە گشتی پڕە لە كارەسات، بەڵام ئەمە پاساو نیە بۆ بەستنەوەی بە تیرۆر و دەمكوت كردنی ئازادی، بەڵكو رێگەی دروست ئەوەیە، هۆكارەكانی پیسبونی ئەو فەزایە بدۆزینەوە چونكە لە خراپترین حاڵەتیشدا قسەپیسی باشترە لە قسە نەكردن.
بۆشایی یاسایی
قوباد تاڵەبانی باسی ئەوە دەكات بۆشایی یاسایی باشترە لە بونی یاسایەكی نیوەناچڵ، لەراستیشدا ئیدارە ئەوە بنەماكەیەتی، نەكردن باشترە لە خراپ كردن، بەڵام ئایا ئەمە بیانوە بۆ وەستان؟؟
بێگومان نەخێر، لەبری ئەوەی بۆشایی یاسایی هەبێت و یاسای خراپ هەبێ، توانای ئەوتۆ هەیە بۆ ئەوەی یاسای باشمان هەبێ، كەمێك لە چوارچێوەی راوێژكارانی پارلەمان و دەوروبەری خۆتان بێنە دەرەوە ، كەسانی لێوەشاوە هەیە بەكاری بێنن بۆ ئەم بوارانە، بەڵام تكایە ئەوانیش مەكەن بە راوێژكار و شارەزای لای خۆتان با سودیان بۆ گشت بێت..
پەیجی نهێنی
قوباد تاڵەبانی باسی پەیجە نهێنیو سێبەرەكان دەكات، بەڵێ هەمومان دەزانین هەیە، من لێرەوە ناوی چەندین كەسی (500) هەزاری ئەزانم، چەندین پەیج دەناسم ، خۆ دەبێ كاك قوبادیش بیانناسێت و بزانێت كێن بزوێنەری ئەو پەیجانە، چۆن بەكاردێنو چۆنیش پارەی حزبەكەی ئەو و منی بۆ بەكاردێ بۆ مەرام و كاری تایبەت.. ئەوەش چارەسەری لای خۆی و حزبەكەیە نەك ئێمە و پارلەمان و چالاكوانان.
خولاسەی كەلام، ئێستا دەرەتان ماوە بۆ بەخۆداچونەوە، بۆ ئەوەش دەكرێت قوباد تاڵەبانی وەك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و وەك برای هاوسەرۆك، رۆڵی هەبێ، سەرەتا لە یەكێتیەوە بەشێك لەو كێشانە چارەسەر بكەن، كەسانی بەتوانا لە بوارە جیاجیاكان بنێرن بۆ پارلەمان وە وەزارەت و پۆستەكان، پاشانیش پەیجە سێبەرەكان دابخەن، ئەوجاش دەبینە جۆگەلەیەكی ڕونی ناو سیاسەت و دەكرێت باس لە باشتر بون بكەین، بەڵام كە خۆشمان لەو جۆگەلە لێڵەدا مەلە بكەین، كێ هەبێ بۆمان ڕون بكاتەوە؟؟!!
ژوان ئهحمهد