سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پارێزبەندی لەسەر بەهمەن
كاك عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی هەڵگرت، بە هۆکاری تۆمەتباركردنی
ئەو پەرلەمانتارە بە كوشتنی مەبەست.
سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە
(BMC)
ی راگەیاند، رۆژی یەكشەممە، د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پارێزبەندی
لەسەر بەهمەن کاک عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی هەڵگرت،
ئەوەش دوای ئەوەی چەند جارێك لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر
داوای ئامادەبوونی كراوە.
ئەو سەرچاوەیە بۆ (BMC)
ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی رابردودا بەهمەن کاک عەبدوڵا بەپێی ماددەی (٤٠٦)ی یاسای
سزادانی عێراقی بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەرێكی كەلار سكاڵای لەسەر تۆماركراوە و چەندجارێك
لەلایەن دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر داوای ئامادەبوونی كراوە بەمەبەستی وەرگرتنی
وتەی لەو بارەیەوە.
تۆمەتباركردنی بەهمەن كاك عەبدوڵا، دەگەڕێتەوە
بۆ رووداوی خۆپیشاندانەكانی ساڵی ٢٠١٥ی كەلار كە تیایدا گەنجێك لە بەردەم ناوچەی كەلاری
پارتی كوژرا، لەو كاتەشدا ناوبراو بەرپرسی ناوچەی پارتی بو لە كەلار، بۆیە كەسوكاری
كوژراوەكە سكاڵایان لەسەر ناوبراو تۆماركردووە.