ئەمڕۆ پێنجشەممە بەئامادەبونی وەزیری ناوخۆی هەرێمی
کوردستان و بەشێک لە ئەفسەر و بەڕێوەبەرانی پۆلیس، لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی
پارێزگای دهۆک وەک بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەمەراسیمی
دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی هەرێم رایگەیاند، گۆڕانکاری لەناو وەزارەتی
ناوخۆدا کارێکی ئاسایی و پێویستە و بەشێکە لەو چاکسازیەی کە حکومەتی هەرێم دەستیپێکردووە،
گۆڕانکارییەکانیش بەردەوام دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی هێزەکانی پۆلیس دەکەن
کەلەماوەی رابردودا سەرەڕای قەیرانە بەردەوامەکان بەڵام لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان بەردەوام
بون، "وەک حکومەتیش جەخت لە جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەمو کەسێکدا دەکەینەوە و
رێگەنادەین هیچ کەسێک بەناوی یاساوە زیادەڕەوی بکاتەسەر موڵکی گشتی".
ماوەی چەند ساڵێکە لیوا بەختیار بابان، راوێژکاری
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی
کوردستانی بەڕێوەدەبرد، بەڵام مانگی تەمموز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی
کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆکی
وەک بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرد.