بەهۆی بەردەوامی ئەو زریان و بارانبارینەی چەند رۆژێکە سودانی گرتووەتەوە، باری نائاسایی راگەیەندرا.
ئاژانسی هەواڵی سودان بڵاویکردووەتەوە، دوای بەردەوام بوونی ئەو باوبۆران و زریانەی چەند رۆژێکە سودانی گرتووەتەوە لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە کۆشکی کۆماری وڵاتەکە بەڕێوەچووە ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری بڕیاردراوە بۆ ماوەی سێ مانگ باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا رابگەیەندرێت.
ماوەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی بارانبارین و و زریان ١٦ ویلایەتی سودانی گرتووەتەوە وبەهۆیەوە ٩٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٦ کەسیش برینداربوون و نزیکەی نیو ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە و ١٠٠ هەزار خانوو بە شێوەی تەواو یان نیوەیی روخاون.
پێشبینی دەکرێت ئەم بارانبارینە بەردەوامی هەبێت و زیانەکانیشی بەرزتر ببنەوە.