گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان دەکشێتەوە؟

کوردستان 06/09/2020

Alternate Text

ئەندامی  پێشوی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، من نەک هەر پێم باشە بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە بەڵکو پێم باشە لە پەرلەمانیش بکشێتەوە.

سەعید کاکەیی ئەندامی  پێشوی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان بە (BMC) رایگەیاند، " فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەسەر راستەڕێی رێبازی رەوانشاد نەوشیروان مستەفادایە ئەو ھەڵوێستە دڵسۆز و خەمخۆریەی فراکسیۆنی بزوتنەوەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرز دەنرخێنم و پشتگیری تەواوی خۆمیان بۆ دوپات دەکەمەوە لەمەڕ کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی کابینەی نۆیەم.

سەعید کاکەیی روونیشیدەکاتەوە، من شەڕێکی گەورەم کرد لەسەر تەزویرو ساختەکاری هەڵبژرادنەکان ، جێگەی داخە کاربەدەستانی بزوتنەوەی گۆڕان رازیبوون بەو ئاکامەی لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەرێم بەرجەستە کرا.

دەشڵێت، بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت نەک تەنیا لێدانێک بوو بۆ من ، بەڵکو پشتگوێخستنی هەموو ماندووبوونەکانی من بوو خواستەکانی دەنگدەرانیش بوو، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان حزبێکی تەقلیدی نییە بەڵکو حزبی دەنگدەرانە، حزبی دەنگدەریش دەبێت گوێڕایەڵی خواستی دەنگدەران بێت نەک گوێڕایەڵی بەرپرسانی.

سەبارەت بە کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت سەعید کاکەیی ئاشکرایکرد، من نەک هەر پێم باشە بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە بەڵکو پێم باشە لە پەرلەمانیش بکشێتەوە، چونکە مانەوەی لەناو حکومەتێک یان پەرلەمانێک "شەرعییەت" دانە بە حکومەتێک و پەرلەمانێک کە بە تەزویر دروستکراوە.

سەبارەت بە هەرچی وەزیرەکانی گۆرانە لە حکومەتی هەرێم کە پێیان باش نییە لە حکومەت بکشێنەوە سەعید کاکەیی جەختیکردەوە، "هەر وەزیرێک پشکی خۆی هەیە لە حکومەت و کۆمەڵێک کەسی خۆی دامەزراندووە، بە کشانەوەشیان لە حکومەت روونە کە سەرچاوەی بژێویان نامێنێ، وە سەرچاوەی بژێوی ئەو کەسانەشیان نامێنێ کە لەگەڵیاندان، کۆمەڵێک کەسی هەل پەرست و پۆست پەرست و پایەپەرست ئەم دۆخەیان پێخۆشە، بەڵام ئێمە قوربانیمان داوە پۆستمان خستووەتە ژێر پێ".

جەختیشیکردەوە، ترسی گەورەمان ئەوەیە مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو ئەم حکومەتەدا بنکۆڵی رێبازی نەوشیروان مستەفا بکات و ئەو پێگە جەماوەرییەی بزوتنەوەکە هەیەتی لەدەستیبدات.

وتیشی، تەزویر و ساختەکاری دراوێکی قەڵبی دزەکانە، ھەر کەس و لایەنێکیش بچێتە پاڵ دزەکانەوە، بێگومان دەبێتە شەریکەدز و بەو چوونە پاڵە شەرعیەت دەبەخشێتە رەفتاری ناشرینی تەزویر و ساختەکاری.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە قەناعەتی تەواوەوە داوا لە تێکڕای دڵسۆزانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەم فشاری توندتر بنوێنن دژی شەریکەدزەکانی دەسەڵاتی گەندەڵ لەناو خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی بۆ دەستبەرداربوون لە کاری قێزەوەنی شەریکەدزی و وەرچەرخانەوە بەرەو راستەڕێی رێبازی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ بەرجەستەکردنی گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستەمی حکومڕانی.

ئەمە لە کاتێکدایە له‌ كۆبو‌نه‌وه‌ی دوێنێی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌كه‌‌، دەمەقاڵێ لە نێوان ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی و غالب محەمەد پەڕلەمانتاردا لە بەغدا دروست بووە و بەهۆیەوە کۆبونەوەکە بۆ ماوەیەک راگیرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا