دوای ١٧ ساڵ لە بوونی حاڵەتێکی داواکردنی مردنی بەبێ ئازار، هاوڵاتییەکی دیکەی فەرەنسی هەمان داوا دەکاتەوە و هەوڵدەدرێت یاسای فەرەنسی بۆ ئەو مەبەستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت.
ئالان کۆک، هاوڵاتییەکی تەمەن ٥٧ ساڵی فەرەنسییە، ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنی بەئازار و کوشندەوە دەناڵێنێت و هیچ هیوایەک بۆ چاکبوونەوەی نییە.
ئالان کۆک، ماوەیەک لەمەوبەر داوای لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کرد ،"مافی مردنی بەسۆز"ی پێببەخشێت و لەو ئازارە رزگاری بکات، بەڵام ماکرۆن رەتیکردەوە و رایگەیاند یاسای فەرەنسی رێگری دەکات لە پێدانی مافی مردن بە هاوکاری پزیشکی.
هەر بۆیە کۆک بڕیاریدا، لە پەخشی راستەوخۆی فەیسبوکدا دەرمانەکان لە خۆی ببڕێت و کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، بەڵام فەیسبوکیش لایڤەکەی سڕییەوە.
مافی مردنی بەسۆز، یان مردن لەسەر خواست، مافێکە دەدرێت، بە کەسی نەخۆش کە لە رێگەیەوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت بە زووترین کات و بەبێ ئازار ژیان جێبهێڵێت و بمرێت، ئەمەش لە رێگەی دەرمان و پزیشکی تایبەتەوە.
بۆ یەکەمین جار هۆڵەندە ئەم مافەی بەیاسا رێکخست و بۆ کەسانی سەروو تەمەنی ١٢ ساڵ بە مەرجی تایبەتی پەسەند کرد، و لەدوای ئەمەش لە چەند وڵاتێکی دیکە پەسەند کرا.
فەرەنسا یەكێکە لەو وڵاتانەی تا ئێستا ئامادەیی نییە، گۆڕانکاری لە یاساکانیدا بکات، بە شێوەیەم ماف بداتە هاوڵاتییەکانی مردنی بەبەزەییانە هەڵبژێرن.
لە ئێستادا هاوڵاتییەکی ئەو وڵاتە بە ناوی ماری هامبرت، لە رێگەی کۆکردنەوەی هەزاران واژوو، هەوڵدەدات دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی رازی بکات کە مافی مردنی بەسۆز لە رێگەی پزیشکییەوە، پەسەند بکات.
سەرەتای هەوڵەکانی هامبرت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٠ئەو کاتەی کوڕە تەمەن ١٩ ساڵەکەی بە ناوی ڤنسنت هامبرت، توشی رووداوێکی هاتوچۆی سەخت بوو و دوای مانەوەی بۆ ماوەی نۆ مانگ بەبێ هۆشی، دواتر توشی لەکارکەوتنی پەلەکانی بوو جگە لەوەش بینایی چاوی لەدەستدا و توانای قسەکردنی نەما.
ئەو کاتە ڤنسنت، لە رێگەی راهێنەرە تایبەتییەکەوە کە لە رێگەی دەنگییەوە دەیتوانی تێی بگات، نامەیەکی ئاراستەی جاک شیراک، سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا کرد، و داوای لێکرد رێگەی پێبدەن کۆتایی بە ژیانی بێت لە رێگەی پزیشکییەوە.
شیراک، رەتیکردەوە هاوکاری بکات و رایگەیاند ئەو کارە دژی یاساکانی فەرەنسایە.
لەدوای ئەو وەڵامەی شیراک، ماری هامبرت دایکی گەنجە نەخۆشەکە، لە بەرنامەیەکی راستەوخۆدا بەڵێنی دا، هاوکاری کوڕە نەخۆشەکەی بکات لە مردنیدا.
لەساڵی ٢٠٠٣، ماری بڕێکی زۆر لە دەرمانی (pentobarbital)، پێدا و بەو هۆیەوە کوڕەکەی کەوتە حاڵەتی بێهۆشییەوە، و دایکیشی دەستگیرکرا.
لەدوای گفتوگۆ لەگەڵ خێزانەکەیدا فردریک شوسوا، کە چاودێری دۆخی ڤنسنتی دەکرد، سەرجەم ئامێرەکانی هەناسەدانی لێکردەوە و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە چەند رۆژی رابردوودا داواکاری گشتی کۆتایی بە کەیسەکە هێنا.