بچوک کردنەوەی مەمک یەکێکە لە نەشتەرگەریە باوەکان لە بواری نەشتەرگەری جوانکاریدا بە تایبەتی لەو خانمانەدا کە منداڵیان زۆر بوە و شیریان داوە کە هەندێک جار قەبارەی مەمکەکە زور زیاد دەکات بەجۆرێک خانمەکە بێزار دەکات نەک هەر تەنها لەلایەنی جوانکاریەوە بەڵکو لە لایەنی تەندروستیشەوە کە وادەکات ئازار و ناڕەحەتی پشت و شان و ملی بۆ دروست بکات .هەندێک جار ئەم گەورە بونی قەبارەیە پەیوەندی بەهۆکاری بۆماوەییەوە هەیە و لەم کاتەدا هەر لە تەمەنێکی گەنجیەوە قەبارە و شێوەکەی ناڕەحەت و بێزاریان دەکات.
لەم کاتانەدا خانمان پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری بچوک کردنەوەی مەمک کە ئەمە تەنها چارەسەرە بۆ ئەم کێشەیە ئەم نەشتەرگەریەش تەنها پزیشکی نەشتەرگەری جوانکاری دەتوانێت ئەنجامی بدات جۆری نەشتەرگەریەکە و شوێنەواری نەشتەرگەریەکە و قەبارەی مەمکەکە پاش نەشتەرگەریەکە جیاوازە بەپێی قەبارەکەی پێش نەشتەرگەریەکە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت.
لە هەندێک ئافرەتدا هەر لە بنەڕەتدا قەبارەی مەمکەکانی جیاوازە واتە یەکێکیان قەبارەی ئاساییە و ئەوی تریان زۆر گەورەیە بە شێوەیەک کە وا دەکات هەست بە شەرمەزاری و بێزاری بکات ,بۆیە لەم کاتەدا دەتوانین مەمکە گەورەکەیان بچوک بکەینەوە تا وەکو لایە ئاساییەکەی لێدێت.
لەو کەسانەدا کە توشی شێرپەنجەی مەمک دەبن و دوای چارەسەر و برینەوەی یەکێک لە مەمکەکانی دەکرێت مەمکەکەی تریان نەشتەرگەری بچوک کردنەوەی بۆ بکرێت تا کەمێک قەبارەکەیان لێک نزیک بێتەوە و زۆر جیاوازیان نەبێت.
دەتوانین بڵێین ئەم نەشتەرگەریە (نەشتەرگەری جوانکاری بچوک کردنەوەی مەمک)هیچ زیانێکی لاوەکی خراپی نیە لەسەر کەسەکە وەک توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە یان هەر نەخۆشیەکی تر تەنها زیانە لاوەکیەکانی وەک هەموو جۆرە نەشتەرگەریەکانی ترە کە ئەگەری هەوکردنی شوێنی نەشتەرگەری ، بەجێمانی ئاسەواری نەشتەرگەری لە بەشی ژێرەوەی مەمک،کەمبونەوەی هەستکردن لە گۆی مەمک و نەمان یان کەمبونەوەی توانای شیردان کە ئەمانەش ئەگەرەکەیان کەمە و دەتوانین بەڕێژەیەکی باش خۆمانی لێبپارێزین
سەرچاوە/ دکتۆرە سۆز عزت حاجی مصطفی، پسپۆری نەشتەرگەری جوانکاری، دبلۆمی باڵا لە نەشتەرگەری جوانکاری و ڕێککاری و سوتاوی