وردەکاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گۆڕستانە نوێیەکەی سلێمانی

ڕاپۆرت 10/09/2020

Alternate Text

شارەوانی سلێمانی گرێبەستی گۆڕستانە نوێیەكەی لەگەڵ كۆمپانیای دوزی هەڵوەشاندەوە و سەرۆكی شارەوانی سلێمانیش رایگەیاند: دەبێت دەرخستەی تایبەت بە ئیدارەدان و چاودێری و چاكسازی ئامادە بكرێت بۆ گۆڕستانی نوێی سلێمانی بەمەبەستی دابینكردنی بودجە بۆی.

ئەمڕۆ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەبارەی گرێبەستی گۆڕستانە نوێیەكەی سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیایەك و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد ،  روبەری گۆڕستانەكە 238 دۆنمەو پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانەوە 12 هەزار نەمامی تێدا نێژراوەو ئێستا گەورە بوون، بەڵام بەهۆی تەرخان نەكردنی بودجەوە لەلایەن حكومەت و وەزارەتی شارەوانییەوە، بەم دوایانە گرێبەست كراوە بدرێتە كۆمپانیایەك بۆ جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان، وەزارەتی شارەوانیش دەسەڵاتی تەواوی داوەتە سەرۆكی شارەوانی  گرێبەست بكات.

توانا كەمال سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی گرێبەستی نێوان شارەوانی سلێمانی و كۆمپانیای دوزی لە گۆڕستانە نوێیەكەی سلێمانی دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو خەڵكی رەخنەی زۆریان لەو كارە گرت، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی گرێبەستەكەی هەڵوەشاندەوە.
روونیشیکردەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی دەربڕیوە بەپێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە، بەڵام لەكاتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەدا دەبێت دەرخستەی تایبەت بە ئیدارەدان و چاودێری و چاكسازی ئامادە بكرێت بۆ گۆڕستانی نوێی سلێمانی بەمەبەستی دابینكردنی بودجە بۆی.

پێشتر زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە BMC راگەیاند، ناتوانن هەر وا بە ئاسانی گرێبەستی نێوان شارەوانی و کۆمپانیاکە هەڵبوەشێننەوە، چونکە گرێبەستەکە بڕگەیەکی لەو شێوەیەی تێدا نییە، ماف بداتە شارەوانی، و لە ئێستادا بەدوای چارەسەرێکی دیکەدا دەگەڕێن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا