بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانیەوە سەبارەت بە کوژرانى دوو خوشکەکەى چەمچەماڵ، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، ئەم دوو خوشکە پاش تۆمارکردنی سکاڵا بە فەرمانی بەڕێز دادوەرو لە بەرواری (١٧ی ٧ی ٢٠٢٠) لە ماڵی داڵدەدانی ئێمە داخڵکرانو لەو ماوەیەی لە ماڵی داڵدەدان بوون پارێزرابوونو بە سەلامەت حەوێنرابوونەوە، تا ئەو کاتەی لەسەر داوای خۆیانو پاش وەرگرتنی کەفالەت لە باوکیان بە فەرمانی بەڕێز دادوەر لە بەرواری (٢٤ی ٨ی ٢٠٢٠) گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان.
روونیشیکردووەتەوە، خوالێخۆشبووان تا ئەو کاتەی لە ماڵی داڵدەدانی ژنانی سلێمانی بوون ستافەکانمان زۆر بەباشی ئەرکی خۆیانیان بەرانبەر جێ بەجێکردوون، و هەمیشەش کارمان بەو ئاراستەیەیە کە تا ئەو کاتەی بزانین هەڕەشە لەسەر ژیانی ژنانو کچانی هەڕشەلێکراو هەیە لە ماڵی داڵدەدان بمێننەوە و نەچنە دەرەوە تا دڵنیا دەبنەوە سەلامەتن، بەڵام بەداخەوە رق و قینی تاوانکارانەی تاوانکاران بەرابنەر ئەندامانی نزیکترین کەس لە خانەوادەکەی خۆیان بە قۆستنەوەی هەلی "کەلێنی جۆراو جۆر"و "هەستو نەستی قوربانیان" دەرفەتی ژیان بۆ ئەم پەپولانە ناهێڵێتەوە.
هەفتە رابردوو تەرمی دوو خوشک لە گوندێکی نزیکی قەزای چەمچەماڵ دۆزرانەوە، و تا ئێستا باوکیان وەک تۆمەتباری رووداوەکە ناسراوە.