چەند بيرو باوەڕێکی هەڵە و راستيەکان لەسەرشيری دايک

تەندروستی 12/09/2020

Alternate Text

ـ زۆرێک لەدایکان هەندێک بيروباوەڕی هەڵە ئەبيستن لەسەر شيری دايک کە وایان لێدەکات توشی گومان بن لەسەر پێدان یان ڕاگرتنی شیری دایک.

 

بیروباوەڕەکان زۆرن، لە خوارەوە هەندێک لەو بيروباوەڕە هەڵانە و راستيەکان ڕوون دەکەمەوە؛

 

۱- ژەک پيسە وە ئەبێت فڕێ بدرێت؛ ڕاستی؛ ژەک باشترين و بە سودترين خۆراکە بۆ کۆرپە و بەهيچ شێوەيەک نابێت فڕێ بدرێ.

 

٢- دەبێت لەگەڵ شيری دايکدا ئاو بدێرت؛ ڕاستی؛ لە شەش مانگی يەکەمدا مناڵ بە هيچ شێوەيەک پێويستی بە ئاو نيە، چونکە شيری دايک بەڕێژەی ۸۷٪ ی ئاوە.

 

٣- شيری دايک دەبێتە هۆی هەستياری؛ ڕاستی؛ لەزۆر حاڵەتی دەگمەندا لەوانەيە مناڵ هەستياری هەبێت بەرامبەر بە خواردنێک کە دايکی دەيخوات.

 

بەڵام ئەمە ئەوە ناگەيەنێت کە شيری خۆت نەدەيت بە مناڵەکە. شيرى دايك كۆرپە دوور دەخاتەوە لە تووش بوون بە هەستياري خۆراكي.

 

٤- دايک ناتوانێت هەموو شتێک بخوات ئەگەر شير بدات؛ ڕاستی؛ دايک دەتوانێت هەموو شتێک بخوات و وە پێويست ناکات ڕێجيمێکی تايبەت بکات لە کاتی شيرداندا.

 

٥- کە دايک دەستی کردەوە بە ئيش ئيتر ناتوانێت شير بدات ڕاستی؛ دايک دەتوانێت ئەوکاتەی کە لەماڵەوەيە شير بدات و کاتەکانی تر شيرەکەی دادۆشێت وهەڵی بگرێت.

 

٦- ئەگەر دايک سکی هەبيت ناتوانێت شير بدات ڕاستی؛ ئەگەر دايک سکی هەبيت بێ ترس ئەتوانيت شيرەکەی بدات و هيچ مەترسيەکی بۆ سەر مناڵەکە و کۆرپەکەی ناوسکی نی يە.

 

٧- ئەگەر دايک بەد خۆراک بێت ناتوانێت شير بدات؛ ڕاستی؛ ئەگەر دايکێک بەد خۆراک بێت ئەتوانێت شير بدات و ڕێژەی پێويستيش شير دروست دەکات بۆ کۆرپەکەی، بەڵام گرنگە ئەو جۆرە دايکانە تەواوکەری خۆراکی وەربگرن بۆ ئەوەی بەدخۆراکيەکەيان نەمێنيت.

 

د.تارا علی بابان پزيشکی پسپۆری گەشە و خۆراکی منالان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا