بێخەوی و خەوزڕان

تەندروستی 12/09/2020

Alternate Text

خەوتن دیاردەیەکی زۆر پێویستی لەشە،کە یارمەتی بنیاتنانەوەی خانەکانی لەش دەدات و بەرگری لەش بەهێز دەکا و گەشەی جەستەیی و دەروونی زیاددەکات. مناڵی تازە لەدایکبوو پێویستە بە ۱۸ کاتژمێر خەو هەیە، بەڵام لە کەسێکی پێگەیشتو ۸ کاتژمێر خەو بەسە. خەوزڕان حاڵەتێکی باوە کە کەسی تووشبو بە زەحمەت خەوی لێدەکەوێ یان زوو زوو خەبەری دەبێتەوە، ئەگەر ئەم حاڵەتە زۆر درێژەی کێشا کەسەکە بەڕۆژ زۆر خەواڵوو دەبێ و ووزە و چالاکی لەدەست دەدات و دایمە هەست بە شەکەت و ماندووبون بکا.

بێخەوی کاریگەری خراپی دەبێ لەسەر تەرکیز و فێربوون و ئەنجامدانی کاروباری ڕۆژانە، لەوانەیە ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و لەبیرچوونەوە، ئەگەر زۆر درێژەی کێشا دوورنیە شەکرە و زەخت و نەخۆشی دڵ و قەڵەوی بەدوای خۆیدا بێنێ. ئەو کەسانەی بەشەو تێر خەو نابن، بەڕۆژ زۆر مەترسی ڕووداوی سەیارەیان لێدەکرێ.

خەوزڕانی کورتخایەن، دووسێ شەو لەسەریەک، بەهۆی هۆکاری کاتی دەبێت وەکو سترێس و دڵەڕاوکێ، نەخۆشیەکی کورتخایەن، بەکارھێنانی مۆبایل لەسەر جێگا، گۆڕینی شوێنی نوستن، گەرما و ڕووناکی زۆر. خەوزڕانی دڕێژخایەن بەهۆی هەندێ نەخۆشی جەستەیی و دەروونی دروست دەبێت وەکو خەمۆکی ، نەخۆشی ڕەبو،سستی دڵ، خواربونی کۆڵەگەی لووت، پرخە، هەوکردنی جومگەکان، قورحەی گەدە و دڵەکزێ، شێرپەنجەکان و بوونی ئازارێک زۆر و کاریگەری لاوەکی هەند دەرمان.

هەندێ لە ئافرەتان دوای تەواوبونی سووڕی مانگانە(سن الیأس) تووشت خەوزڕان دەبن. یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەری بێخەوی بریتیە لە دوورخستنەوەی هۆکاری بێخەویەکە. زۆر گرنگە کەسەکە گۆرانکاری لە شێوازی ژیانی بکا وەکو کەم خواردنەوەی چا و قاوە و بیبسی و جگەرەکێشان ۲ کاتژمێر پێش کاتی نوستن، خاوکردنەوەی جەستە و مێشک بە خوێندنەوەی کتێب، گوێگرتن لە مۆسیقا، یان حەمام کردنێکی گەرم.

کاتێکی دیاریکراو دابنێ بۆ نووستن و لەخەو هەستان تا جەستەت خۆی لەگەڵ بگونجێنێ. کەشێکی لەبار دروست بکە بۆ خەو، با ژوورەکەت تاریک و کەمێک ساردبێت و خۆت سەرقاڵ مەکە بە تەلەفزیۆن و کۆمپیوتەر و مۆبایل نیو سەعات پێش خەوتن

ئەگەر ئەم ڕیگایانە کاریگەر نەبون بۆ زامنکردنی خەوێکی تەندروست،پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

د.داهات حەوێزی؛ بەڕێوەبەری سەنتەری پزیشکی خێزانی تەندروست

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا