باڵیۆزی ئەمریكا: هەرێمی كوردستان لەناو ناوەندە گرنگەكانی بڕیاری ئەمریكا جێگەی بایەخە

کوردستان 14/09/2020

Alternate Text

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند، هەرێمی كوردستان لەناو ناوەندە گرنگەكانی بڕیاری ئەمریكا جێگەی بایەخێكی تایبەتە.

ئەمڕۆ دووشەممە لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد و لە دیدارەكەدا كە رۆبێرت واڵەر، كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوە، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق سڵاوی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكای بە بارزانی گەیاند و جەختیشی لە دۆستایەتیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و راشیگەیاند، هەرێمی كوردستان لەناو ناوەندە گرنگەكانی بڕیاری ئەمەریكا جێگەی بایەخێكی تایبەتە.

باڵیۆزی ئەمریكا راشیگەیاندووە، "ئەمریكا دەیەوێت لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژییدا یارمەتیی دۆستەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق، هەر لەو كۆبونەوەیەدا شاندی ئەمریکا تەئكیدیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی وڵاتەكەیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە".

لە بەشێكی تری ئەو كۆبونەوەیەدا بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و ئەمریكا سوپاسی دامەزراوە و ناوەندەكانی بڕیاری ئەمەریكای كرد، كە بە بایەخەوە سەیری بارودۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەورەها هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی نوێی ئەمریكا خواست لە ئەرك و كارەكانیدا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەبەوەشکراوە، بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و تەحەددیاتی بەردەم حكومەتی عێراقی و هەڵبژاردنەكانی داهاتوی عێراق و هەروەها لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر رەهەندە ئابوری و كۆمەڵایەتی و دەرونییەكانی كۆمەڵگە تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.




ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا