بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە دۆسیەی گەندەڵی لە پرۆژەی دروستکردنی ژمارەیەک قوتابخانە لە شارەکە پارێزگاری پێشوو و ئێستای کەرکوک دادگایی دەکرێن.
بە گوێرەی نوسراوێکی دەستەی دەستپاکی عێراق، بە گوێرەی ماددەی (٣٤٠)ی یاسای سزادانی عێراقی، بە تۆمەتی بەهەدەردانی پارە لە دروستکردنی ٢٥ قوتابخانە لە پارێزگای کەرکوک، هەریەکە لە پارێزگاری پێشوو(نەجمەدین کەریم) و پارێزگاری ئێستا(راکان جەبوری) و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان فەرمانی ئامادەبوونیان لەبەردەم دادگا بۆ دەرکراوە و و چونە دەرەوەیان لێ قەدەغەکراوە.
هەر بە گوێرەی نوسراوەکەی دەستەی دەستپاکی، لەسەر هەمان دۆسیە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ٢٣ کەس دەرچووە، کە فەرمانبەرن لە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک.
مانگی رابردوو، دەستەی دەستپاکی عێراق، دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لە دۆسیەی دروستکردنی ٢٥ قوتابخانە لە پارێزگای کەرکوک، دواتر بۆی ئاشکرابوو ژمارەی قوتابخانەکان بۆ ١٨ قوتابخانە کەمبووەتەوە، رووبەرەکەشیان بچوککراوەتەوە، کە لەسەر شێوەی بینای ئامادەکراو دروستکراون، بێ ئەوەی وەزارەتی پلاندانان ئاگادار بکرێتەوە.