خوشکەزای سەرۆک خێزانە کوردەکەی بەغدا رایگەیاند، راستی
روداوی کوژرانی هەرسێ ئەندامی خێزانەکەیان ئەوە بوو کە بکوژەکە لەدانپێدانانەکەیدا
بڵاویکردەوە و بکوژەکەش نەناسیاویانە و نە ئەندامی خێزانەکەشیانە.
محەمەد قادر خوشکەزایی (دارا رەئوف) سەرۆک خێزانە کوردەکەی
بەغدا بە (BMC) رایگەیاند،
"دەنگۆی ئەوەی کە دەوترێت ئەندامانی ماڵی خاڵم جەستەیان شێوێندرابێت یان سەریان
بڕدرابێت دورە لە راستییەوە و روداوەکە بە تەواوی پرۆسەیەکی دزیکردن بووە.
محەمەد قادر دەشڵێت، ئەوەندەی تاوانەکە ئازارمان دەدات،
ئەوەندەش ئەو بوهتانانە ئازارمان دەدات کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر کچەکەمان،
تەنها تاوانێکی دزی بووە بەڵام کچەکە زیاتر ئازار دراوە بەهۆی ئەوەی بەرگری زیاتری کردووە.
خوشکەزای (دارا رەئوف) وتیشی، "ئەوە کە دەوترێت دکتۆرە
شیلان دەرمانخانەی هەبووە و دەرمانخانەی فرۆشتوە یان کێشەی کۆمەڵایەتییان هەیە دورە
لە راستییەوە و خاڵم کە لەشەستەکانەوە لە بەغدا ژیاوە و فەرمانبەر بووە لەم ساڵانەی
دوایدا خانەنشین بووە و توشی شێرپەنجە بوە، بۆیە وتی دەمەوێت پشوو بدەم و بگەڕێمەوە
بۆ سلێمانی".
شەوی ١٥ی ئەیلول خێزانێکی کوردی دانیشتوی شاری بەغدا لە
ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی (مەسنور) بە کوژراوی دۆزرانەوە، سەرۆکی خێزانەکە ناوی
(دارا رەئوف)ە لەگەڵ هاوسەرو کچەکەی بە ناوی (شیلان) لە پەنجاکانی سەدەی رابردوەوە
لە بەغدا ژیاون، بەڵام بە وتەی کەسوکاریان سەرجەم موڵکەکانیان فرۆشتوەو بەنیازبون
بەیەکجاری بگەڕێنەوە بۆ شاری سلێمانی.