لە گۆڕستانی تایبەت بە ناشتنی مردوانی کۆرۆنا، لە عێراق گۆڕی مردووەکان هەڵدەدرێنەوە و چیرۆکی سەیر دەگێڕدرێنەوە.
بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، لەدوای ئەوەی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، کەسوکاری ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، دەتوانن تەرمەکانیان ببەنەوە و لەو شوێنانە بە خاکیان بسپێرن کە دەیانەوێت، هەرایەکی زۆر لە گۆڕستانی وادی سەلام، تایبەت بە مردوانی کۆرۆنا دروستبووە.
بە وتەی میدیا عێراقییەکان، بەشێک لە کەسوکاری ئەو مردوانەی لە گۆڕستانی وادی سەلام نێژراون، دەستیان بە هەڵدانەوەی گۆڕەکان کردووە تا بیانبەنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، بەبێ ئەوەی هیچ رێککارێکی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە ئەستۆ بگرن.
بەشێکی دیکەی ئەو هەرایەی لە گۆڕستانەکە دروستبووە و لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە، ئەوەیە بەشێک لە کەسوکاری مردووەکان کاتێک گۆڕەکانیان هەڵداوەتەوە، سەرنجیان داوە مردووەکە کەسوکارەکەیان نییە، قوڵی گۆڕەکان و شێوازی کفنکردنی مردووەکان بەو شێوەیە نییە کە لە رووی ئاینییەوە پێوەی پەیوەستن.
کەسوکاری یەكێک لە مردووەکان بە کەناڵی ئەلحورەی راگەیاندووە، کاتێک گۆڕەکانیان هەڵداوەتەوە بینیویانە ئەو تەرمەی لە گۆڕەکەدایە کەسوکارەکەی ئەو نییە، جگە لەوەی بە جلوبەرگەکانی خۆیەوە نێژراوە.