دوای ئەوەی منداڵێکی ئاوارەی کەمپی یەحیاوە، لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسی لەوەکرد هەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژی لەسەرە دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی عێراق هاتە دەنگ.
دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی خێزانەکەی کەمپی یەحیاوەی کەرکوکیان کردووە و راستی رووداوەکەیان بۆ ئاشکرا بووە.
باسی لەوەشکردووە، برای منداڵەکە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە پێی ماددەی چواری تیرۆر دەستگیرکراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئاشکراشی کردووە، منداڵەکە لە رێگەی فەیسبوکەوە هەڕەشەی لێکراوە و هەڕەشەکانیش جدیی نین.
دوێنێ، هەینی، منداڵێکی دانیشتووی کەمپی یەحیاوای کەرکوک، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بڵاویکردەوە، براکەی مانگێکە بێ سەروشوێنە، خۆی و خێزانەکەی هەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژیان لەسەرە، و داوای لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بە هانایانەوە بێت.