حەبی پاراستیمۆڵ یەکێکە لە حەبە بەربڵاوەکان کە لەسەرانسەری جیهاندا وەک ئازارشكێن بەکاردێت، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ زیانەکانی ئاشکرا دەکات.
توێژەرانی زانکۆی ئۆهایۆی ئەمریکا، لە توێژینەوەیەکیاندا کە ٥٠٠خۆبەخش بەشداریان تێدا کردووە، خۆبەخشەکانیان کردووە بە دووبەشەوە بەشێکیان برێک لە حەبی پاراستیمۆڵیان پێداون و بەشێکی دیکەشیان حەبێکی خەیاڵی کە هیچ ماددەیەکی پزیشیکی تێدا نەبووە پێیان داون.
توێژەران داوایان لە بەشداربووەکان کردووە، لەبەرامبەر بڕێک پارەدا فوو بکەنە میزەڵدانەوە، بە شێوەیەک تا میزەڵدانەکە گەورەتر بێت پارەی زیادتریان پێ دەدرێت.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ئەو خۆبەخشانەی حەبە خەیاڵییەکەیان پێدراوە رێژەی درکپێکردنیان زۆر زیادتر بووە لەو کەسانەی حەبە پاراستیمۆڵەکەیان پێداوە، بە تایبەت زانیویانە کەی لە فوکردنە باڵۆنەکە بوەستن تا نەتەقێت.
ئەم توێژینەوەیە توێژەرانی گەیاندووە بەو ئەنجامەی ئەو کەسانەی حەبی پاراستیمۆڵ بەکاردەهێنن، زیادتر خۆیان روبەڕوی مەترسی دەکەنەوە، ئاستی هەستپێکردن و درکپێکردنی مەترسییەکانیان کەم دەبێتەوە، جگە لەوەی رێژەی هەستکردن بە هاوسۆزی ئەوانی دیکە کەم دەبێتەوە لایان.
هۆکاری ئەم حاڵەتەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە ئازار و لەهەمان کاتدا بەرپرسە لە هەستکردن بە هاوسۆزی، هەتا هەست بە ئازاریش نەکەیت ناتوانیت لەگەڵ ئەوانی دیکەدا هاوسۆز بیت.