وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەسەر سوتانی سنەوبەرەکانی تاسڵوجە هاتەدەنگ

کوردستان 19/09/2020

Alternate Text

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایدەگەیەنێت، ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت، چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە.

حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە رووکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، لەچەند رۆژی رابردوو ڤیدیۆ سوتانی دارسنەوبەرەكانی نزیك شەقامی سەرەكی سلێمانی تاسڵوجە بڵاو كرایەوە، لەسەر راسپاردەی بەرێز وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەدواداچوونی ورد كرا لەسەر ئەم بابەتە و لێرەدا دەمەوێت بیخەمەڕوو.

یەكەم - پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەم دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەیان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت.
دووەم - ئەم دارسنەوبەرانە بەری رەنج و ماندووبوونی دەیان ساڵی فەرمانبەرانی دارستانە.
سێیەم - لەئێستادا ئەم دار سنەوبەرانە( ئەم ناوچەیە) كەوتۆتە ناو سنوری شارەوانی تاسڵوجە و راپەڕین.
چوارەم - لەگەڵ ئەوەی ئەم بابەتە لەچەند رۆژی رابردوو روویداوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و گرتنە بەری رێککاری پێویست.
پێنجەم - وەزارەتمان پڕۆژەی بۆ پاراستنی دارستانەكان ئامادە كردووە، لە ئێستادا لە قۆناغی پەسندكردنە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەردەمیانە دارستانەکان لە سوتان و لەناو چوون بپارێزرێن.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەك وەزارەت سوپاسی هەوڵ و ماندوونی خەمخۆران و چالاكانی ژینگە دەكەین كە لەرێگەی خۆیان هەوڵ بۆ پاراستنی ئەم درەختانە و سەرجەم دارستانەكان دەدەن، پێویستە بكەرانی دەست نیشان بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، ئێمەش لە چوارچێوەی پەیوەندیداریمان هاوكار و بەردەوام دەبین بۆ پاراستنیان.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا