فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە شێوەی ئۆنلاین دەستی پێکرد

ڕاپۆرت 20/09/2020

Alternate Text

ئەمڕۆ یەکشممە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٠،لە شاری سلێمانی  ٢٣هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە شێوەی ئۆنلاین دەستی پێکرد.

بنکەی رۆشنبیری گەلاوێژ بە هەماهەنگی فێم فاوندەیشن، وەک رێزگرتنێک لە تەمەنی هونەری هونەرمەند( ئاسۆی عومەر سوارە) بڕیاریاندا خولی ٢٣هەمینی گەلاوێژ بە ناوی ئاسۆ بکەن.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٠، وەک دەستپێکی فێستیڤاڵ، ژمارەیەک لە هونەرمەندان و بەشدارانی فێستیڤاڵەکە سەردانی گڵکۆی هونەرمەند ئاسۆی عومەر  سوارەیان کرد و بەرنامەی کاری فێستیڤاڵەکەیان راگەیاند.

مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵەکە، لە وتارێکیدا لە دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا رایگەیاند، ئێمە زۆرباش خۆمان بۆ ئەم فێستیڤاڵە ئامادەکردبوو، زۆریش چاوەڕێمان کرد لە پەتای کۆرۆنا رزگارمان بێت، بۆ ئەمساڵ داماننابوو ساڵی کلتوری ئێران بێت، بەڵام بەداخەوە تەنها توانیمان نوسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشت بکەین.

ئاشکراشی کرد، لەرووی تەکنیکییەوە ئامادەکارییەکی باشمان بۆ فێستیڤاڵەکە کردووە.

روونیشیکردەوە، ئێمە تەنها بە سیاسەت ناچینە ناو شارستانییەتی مێژوو، بەڵکو بە هونەر و سینەما و شانۆ دەچین، ئێمە تا ئێستاش نەمانتوانیوە بچینە ناو شارستانییەتی مێژوو.

هاوکات، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە بروسکەیەکیدا کە ئاراستەی ئامادەکارانی فێستیڤاڵەکەی کرد رایگەیاند، ئەم فێستیڤاڵە لەم کاتەدا کە کۆرۆنا سەردەمەکەی بەناوی خۆیەوە ناوناوە و هەموو مرۆڤایەتیی و گەردوونی بەئامانج گرتووە، کارێکی گەورەیە کە نەهێڵین نائومێدی و ترس و مەرگ تەنگ بە مرۆڤایەتیی هەڵبچنن، دەرفەتێکی لەبارە بۆ بەخۆداچوونەوە و دواندنی نەست و رێکخستنەوەی هەستەکانمان لەچوارچێوەیەکی شایستانەی ئەدەبیدا.

 

باسی لەوەشکردووە، دەخوازم ئەم فێستیڤاڵەو بەرهەمە پەسەندکراوەکانی، بیروڕاو تێڕوانین و ڕامانە جیاوازەکانی، کۆتایی بە وتارە تیژو زبرو توندەکان بێنن، زەمینەی ڕێزگرتن لە رای یەکترو قبوڵکردنی جیاوازییەکان بخوڵقێنن، نەک تەنها بیروڕاو بڕوامان بەڵکو باوەڕی تەواومان بەوە هەیە هیچ فیکرێک یاساغ و کوفر نییە، بەڵکو تێڕوانینی کەسێکە لەو گۆشەنیگایەی کە دیمەن و دەوروبەرو دنیاو گەردونی پێ دەبینێت.

بۆ خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی گەلاوێژ ١٩٧ بابەت  لە(شعر، لێکۆڵینەوە، چیرۆک)، جگە لە بەرهەمی نوسەرانی بادینان، بەدەست لیژنەی ئامادەکارانی فێستیڤاڵ گەیشتووە و دوای هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیان یەکەم و دووەم و سێیەمی هەر سێ بوارەکە دەستنیشان دەکرێن و خەڵاتی فێستیڤاڵیان پێدەبەخشرێت.

بڕیارە لە رۆژەکانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا، بەرهەمی هەشت نوسەر لەبواری لێکۆڵینەوە و حەوت نوسەر لەبواری چیرۆک و ١١ نوسەر لەبواری شیعر بەرهەمەکانیان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

بڕیارە فێستیڤاڵی گەلاوێژ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت و چالاکییەکانی بە شێوەی ئۆنلاین بخرێنە ڕوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا