کەشناسی هەرێم رایدەگەیەنێت، سبەی دیاردەیەکی گەردوونی لەسەر زەوی روودەدات کە بە هاوسەنگبوونی پایز دەناسرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی ئەیلول، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، سبەی یەكەم رۆژی (وەرزی پاییز) ە لە نیوەگۆی باكوور و یەكەم رۆژی (وەرزی بەهار) ە لەنیوەگۆی باشووردا.
ئاشکراشی کردووە، سبەی كاتژمێر ٠٤:٣٠ی ئێوارە بەكاتی هەرێمی كوردستانی عێراق، ماوەی شەوو رۆژ لەنیوە گۆی باكووری زەوی بە تەواوی یەكسان دەبێت بۆ ١٢ كاتژمێر رۆژ و ١٢ كاتژمێریش شەو، بەمەش لە رووی فەلەكییەوە رۆژی (سێشەممە) دەبێتە یەكەم رۆژو دەستپێكی وەرزی (پاییز) لەنیوە گۆی باكووری زەوی كە بە (هاوسەنگبوونی پاییزی) (Fall Equinox) ناسراوەو ماوەكەشی ٨٩ رۆژو ٢٠ كاتژمێرو ٣١ خولەك دەخایەنێت، وە بە پێچەوانەوە، دەبێتە یەكەم رۆژی (وەرزی بەهار) لەنیوەگۆی باشووری زەوی كە بە (هاوسەنگبوونی بەهاریی) (Vernal Equinox) ناسراوە و لەهەردوو نیوەگۆدا خۆر رێك لە رۆژهەڵات هەڵدێت و لە رۆژئاوادا ئاوادەبێت.
ئاشکراشی کردووە، لە رۆژی ٢٢ی ئەیلوولدا، ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە ١٤٩،٥٩٨،٠٢٣ كیلۆمەتر كە بە (نێوەندی دووریی) دەناسرێت و بەردەوامیش لەخۆر نزیكتر دەكەوێتەوە، بۆیە لە ٢١-١٢-٢٠٢٠ دا كە بە رۆژی (هەڵگەڕانەوەی زستانە – Winter Solstice) دەناسرێت لە نیوەگۆی باكووری زەوی و ئەوكاتە هەسارەكەمان دەگاتە نزیكترین خاڵ لەخۆرو ماوەی نێوانمان ١٤٧ ملیۆن و ٩٥هەزار كیلۆمەترە، كەچی لە هەمان رۆژدا (هەڵگەڕانەوەی هاوینە - Summer Solstice) یە بۆ نیوەگۆی باشووری زەوی
بێگومان هۆكاری ئەم دوو گۆڕانكارییە پێچەوانەییەش لە هەمان رۆژدا، دەگەڕێتەوە بۆ لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی بەرامبەر بە خولگەكەی و گۆڕانی گۆشەی بەركەوتنی تیشكی خۆرو گۆڕانی ماوەی شەوو و رۆژە، نەوەك نزیك كەوتنەوەو دووركەوتنەوە لە خۆر.