لەگەڵ نزیکبوونەوە لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن مامۆستایانی ناڕازی هەڕەشەی بایکۆتکردنی دەوام دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی ئەیلول، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕەزای، دەستەی داکۆکی لە زانکۆ و پەیمانگەکان و ئەنجومەنی فشار لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و یاسین عەبدوڵا وەک نوێنەری مامۆستایان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەی شەش ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەشێوازی دەستکردنی جۆراوجۆر ستەم لە مامۆستایان و موچەخۆران دەکەن، گرفتەکانی پەروەردە و خوێندنیان بە تەواوەتی فەرامۆش کردووە، بەو هۆیەشەوە پڕۆسەی خوێندن لە هەرێم لە داڕوخانی تەواوەتی نزیکبوەتەوە.
ئاشکراشی کرد، هیچ جۆرە شێواز و میکانزمێک بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن سەرکەوتوو نابێت و مامۆستایان پابەندنابن پێوەی، ئەگەر پێش ئەو بڕیارە داوا سەرەکییەکانی مامۆستایان جێبەجێ نەکرێت، کە بریتین لە پێدانی موچەی تەواوەتی بێ دەستکاری و لێبڕین هەموو ٣٠ رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنوسی موچەی پاشەکەوتکراو نەدراوەکان بەشێوەیەک مایەی رەزامەندی سەرجەم موچەخۆران بێت.
باسی لەوەشکرد، گەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، بایکۆتی خوێندنی ساڵی نوێ دەکەن.