ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی
سەنتەری هەماهەنگیی فریاکەوتن (١٢٢) و بانکی خوێنی كرد و رایگەیاند، تا ئێستا ١٠٨
ملیار دینارمان بۆ كەرتی تەندروستی خەرجكردوە.
مەسرور بارزانی لە وتارێكدا رایگەیاند،"خۆشحاڵم
ئەمڕۆ سەردانی سەنتەری هەماهەنگیی فریاکەوتن (١٢٢) و بانکی خوێنمان کرد .هەروەک دەزانن
کەرتی تەندروستی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە
ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە و ئێمە زۆر مەبەستمانە گرنگییەکی زۆر بە کەرتی تەندروستی
بدەین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتێکی باشتر بە هاوڵاتییانی خۆشەویست بگەیەنین."
ئاماژەی بەوەشكرد،"وەک هەمو کەرتەکانی تر
بەداخەوە، بەڵام ئەم کەرتە ژێرخانێکی تەندروستیی لە سەر بنەمای ستانداردی جیهانی لە
کوردستان تا ئێستا بونی نەبوە. ئێمە هەمو هەوڵێک دەدەین لە گەڵ وەزارەتی تەندروستی
و پسپۆڕەکان بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بەم کەرتە بدەین تا بتوانن زیاتر خزمەتی هاوڵاتیان
بکەین."
ئاشكراشیكرد،"ئێمە لە حکومەت ئەم ماوەیە بۆ
کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەستەخانە و ئامێری پێویست، نزیکەی ٢٣ ملیار دینارمان
خەرجکردوە بۆ دابینکردنی سیتی سکان و ئێم ئاڕ ئای و ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی لە
خەستەخانەکان پێویستیان پێی هەبوە. هەروەها ٤٠ ملیار دیناریش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی
نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە لایەن حکومەتەوە تەرخانکراوە کە بێگومان کاریگەریی هەبوە
لە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانە. لەم ماوەیەی کە پەتای کۆرۆناش هاتوەتە کوردستان زیاتر
لە ٤٥ ملیار دینار لە لایەن حکومەتەوە لە هەمو شارو شارۆچکە و پارێزگاکانی هەرێمی
کوردستان خەرجکراوە بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی ئەو پەتایە ببینەوە."