ئەبوبەکر هەڵەدنی؛ ئەوەی پارتی دەیکات نە یاساییە نە دیموکراسییە نە سیاسییە

کوردستان 22/09/2020

Alternate Text

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتوو وەڵامی پارتی سەبارەت بە کشانەوەی لە حکومەتی خۆجێی دهۆک دایەوە و دەڵێت، "ئەوەی پارتی دەیکات نە یاساییە نە دیموکراسییە نە سیاسییە".

ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە کشانەوەیان لە حکومەتی خۆجێی دهۆک لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (BMC)رایگەیاند، " یەکگرتوو رێککەوتنی ساڵی ٢٠١٦یان لەگەڵ پارتی هەڵوەشاوەتەوە، بەهۆی ئەوەی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو ئیمزایان بۆ بانگهێشتکردنی مەسرور بارزانی بۆ پەرلەمان کردووە".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی نێوانیان، یەکگرتووی ئیسلامی لە حکومەتی خۆجێی دهۆک دەکشێتەوە".

سەبارەت بە پرسی ئەوەی تا چەند ئەم بڕیارەی پارتی لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە بڕیارێکی دروستە ناوبراو جەختیکردەوە، "ئەوەی پارتی دەیکات بە زەبری هێز و دەسەڵاتەکەیەتی لە حکومەت و ئەوەی دەیکات نە یاساییە نە دەستورییە نا سیاسییە، بەڵام ئیمە لەو نێوەندەدا لە نێوان پۆست و بەرەی خەڵک بەرەی خەڵک هەڵدەبژێرین و لە پۆستەکانمان دەکشێینەوە.

شەوی رابردوو، سەباح باپیری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، پارتی یەکگرتووی ئاگادارکردووەتەوە دەستبەرداری پۆستەکانیان بن لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانی ئەو حزبەش دەڵێت، "ئەوەی پارتی دەیکات نە یاساییە نە دیموکراسییە نە سیاسییە".

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 2016، یەکگرتوو بە 25 پۆستی ئیداری لە حکومەتی خۆجێیی دهۆکدا له‌گه‌ڵ پارتی ڕێككه‌وت، بەڵام 18 پۆستیان له‌و ژماره‌یه‌ پێدرا، لەناویاندا پۆستی یاریدەدەری پارێزگاری دهۆک و دوو بەڕێوبەری گشتی و سێ بەڕێوبەری ناحیە هەبوون.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا