بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بڕیاری ئازادکردن بۆ دوو تۆمەتباری رووداوەکەی رێستۆرانتی هۆقەباز کە تێیدا دیبلۆماتکارێکی تورکیا کوژرا دەرچوو.
ئەمڕۆ سیشەممە ٢٢ی ئەیلول، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر، بڕیاری ئازادکردنی بۆ هەر یەکە لە سدقی كهریم خان و ئهیوب ئیبراهیم مهلا کە هەردووکیان تۆمەتباری رووداوەکە بوون دەرکرد.
پێشتر و لە ١٠ی شوباتی ئەمساڵ بڕیاری لەلایەن دادگای هەولێرەوە بە تۆمەتی ئاشکرانەکردن و رادەستنەکردنی تۆمەتبارانی سەرەکی روواوەکە سزای زیندانیکردنیان بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ ئەو دوو تۆمەتبارە دەرچووبوو.
١٧ی تەمموزی ٢٠١٩، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە رێستۆرانتی هۆقەباز لە هەولێر، دیبلۆماتکارێکی تورکیا و دوو کەسی دیکە کوژران.