بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان، ئەمڕۆ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە جەیمس جێفری نێردەی
تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا
بۆ کاروباری سووریا.
لەدیدارێکدا، بەوردی دواین پێشھات و گۆڕانکارییە
سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان خرایە بەرباس و بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو .
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی بەراشکاوی
سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی بۆ دۆخی سیاسی و
ئەمنی ھەرێم و عێراق وسوریا و ناوچەکە خستەڕوو
، تەئکیدی لە سیاسەتی ھاوسەنگ و ھەماھەنگی
و ھاریکاری ھاوبەشکردەوە ، لەپێناو سەقامگیری سیاسی لە ناوچەکە بەمەرجێک بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردی تێداپارێزراوبێت .
لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و کێشەکەڵەکەبووەکان
، ھاوسەرۆکی یەکێتی دووپاتی لەخواستی حزبەکەی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر
بنەمای دەستوو و رایگەیاند، ھەموو ھەوڵێکی یەکێتی روولە سیاسەتی شەراکەتی راستەقینە
و ھاوبەشە کە بەرژەوەندییەکانی ھەردوولاتێیدا پارێزراوبن.
لەسەر مەترسییەکانی داعش وپاشماوەکانی تیرۆریستان
بافڵ تاڵەبانی پێویستی بەردەوامی و ھەماھەنگی زیاتری ھەمەلایەنەی نێوان ھێزەکانی ھەرێمی
کوردستان و ھاوپەیمانان کردەوە و داوایکرد ھاوکارییەکان زیاتربکرێت بۆ ھێزی پێشمەرگە
لەرووی پێداویستی سەربازی و مەشق و راھێنانەوە ئەم ھەنگاوەشی بەھۆکاری بەرقەراترکردنی
ئارامی و ئاسایشی زیاتر وەسفکرد
ھەر لەدیدارەکەدا ھاوسەرۆک تەئکیدی لەبەردەوامی
پشتیوانییەکانی ئەمریکا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەھەموو ئاستەکان کردەوە.
لەبەرامبەردا جەیمس جێفری سوپاس یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستانی کرد کە ھاوکارو پشیوانێکی سەرەکی بووە لەشەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش و تەئکیدی
کردەوە لەبەردەوامی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکان لە عێراق
و سوریا بەو پێییەی شەڕی تیرۆر کۆتایی نەھاتووە.