سەبارەت بەفرۆشتنی كەمپی زانكۆی سلێمانی روونكردنەوە دەدرێت

کوردستان 22/09/2020

Alternate Text

زانكۆی سلێمانی رەتیدەكاتەوە كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی بفرۆشرێت و داوا لەداواكاری گشتی و پارێزگای سلێمانی دەكات رێكاری یاسایی بگرنەبەر و خۆیشیان دەستكراوە دەبن بۆ وەرگرتنی رێكاری یاسایی.

‎زانكۆی سلێمانی لەڕاگەیەنراوێكدا ئاشکرایکردووە، لەڕۆژانی رابردوو چەند كەسێك نابەرپرسانە دوور لە پێوەرە یاسایی و ئەكادیمیەكان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەپێناو بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی خۆیان، دەستیان كردووە بە ھەڵمەتێكی چەواشكارانە سەبارەت بە فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی (كەمپی ناوشار).

لە راگەیاندراوەکەی زانكۆی سلێمانیدا ئەوەش هاتووە، "تەواوی ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە و دڵنیایی دەدەینە دڵسۆزان وخەمخۆرانی شارەكەمان و زانكۆكەمان كە كەمپی كۆنی زانكۆ یەكێكە لە ڕەمزە دیار و مێژووییە پارێزراوەكانی پایتەختی رۆشنبیری، كەمپی ناوبراو ھەنوكە لە چوارچێوەی ھەشت كۆلێجدا نزیكەی ١٠ ھەزار خوێندكاری زانكۆی سلێمانی لەخۆگرتووە، بەپێچەوانەوە زانكۆی سلێمانی لە ھەوڵی كرنەوەی كلینیك و تاقیگەیەكی پزیشیكی نوێیە لەناو ئەو كەمپەدا بۆ توێژینەوەی پزیشكی كە ھەموو ئەمانەش ھەر خۆیان لەڕووی لۆجیكییەوە ئەو ھەواڵانە بەدرۆدەخەنەوە".

زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەرای سەرزەنشتكردنی ئەو پڕوپاگەندانە، داواكارن لەداواكاری گشتی و پارێزگای سلێمانی رێكاریی یاسایی بگرنەبەر بە پێكھێنانی لیژنەی لێكۆڵێنەوە بۆ ھەموو ئەو كەسانەی لە ئەكاونتی كەسی و تۆرە كۆمەڵایەتیەكانەوە تۆمەتی بێ بنەما بڵاودەكەنەوە بۆ لەكەداركردنی زانكۆی دایك و شاری سلێمانی و ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی بڵاوبكەنەوە، ئەوانیش لەڕۆژانی داھاتوو دەستكراوە دەبن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ھەموو ئەو كەسانە.

کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٨ـدا بەپێی یاسای ژمارە ١٤٣ی خوێندنی باڵای عێراق دامەزراوە و ھەر بە ناوی شاری سلێمانییەوە ناونراوە و ئێستا زیاتر لە ٢٥ کۆلێژی هەیە کە ٨ لەو کۆلێژانە لە کەمپی کۆن دەخوێنن کە نزیکەی ١٠ هەزار خوێندکاری تێدایە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا