لەسەر سکاڵای نوێنەرێکی سەرۆککۆماری عێراق، لە
شاری سلێمانی رۆژنامەنوسێک دەستگیرکرا، سەنتەری میترۆش داوادەکات سەرۆککۆمار
"سنگ فراوان بێت لەبەردەم نووسین".
ئەمڕۆ سێشەممە، لە سلێمانی رۆژنامەنووس بەهرۆز
جەعفەر، لەسەر سکاڵای نوێنەرێکی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و بە فەرمانی دادوەر
دەستبەسەرکرا.
لەژێر ناونیشانی "نووسینێك لەسەر سەرۆككۆمار
نووسەرێكی خستە زیندان" سەنتەری میترۆ، راگەیێندراوێکی لەسەر ئەو پرسە بڵاوکردووەتەوە
و داوای لە سەرۆككۆمار کردووە "سنگی فراوان بێت لەبەردەم نووسین و تەنانەت بڵاوكردنەوەی
هەندێک زانیاریی پشتنەبەستوو بە سەرچاوەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار، چونكە دەرگای زانیاری
هەموو كات ئاوەڵا نین بۆ نووسەران و رۆژنامەنووسان".
سەنتەری میترۆ دەڵێت، دۆسیەی رۆژنامەنووسان بەپێی
یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧، لە حاڵەتی ساخبوونەوەی تۆمەت بەسەر رۆژنامەنووسدا لەسەر
كاری رۆژنامەوانی، سزای دارایی (خەرامە)ی بەسەردا دەسەپێنرێت و دەستبەجێ رۆژنامەنووس
ئازاد دەكرێت، بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا پەنا دەبرێتە بەر یاسای ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩،
كە ماددەی (٤٣٣)ی یاساكە باس لە ناوزڕاندن دەكات یان پەنا دەبرێتە بەر ئەو بڕگە و
ماددانەی باس لە ئاسایشی نەتەوەیی، دەكەن.
راگرتنی بەهرۆز جەعفەر لەسەر وتارێکی بووە کە لەژێر
ناونیشانی "تا کەی سەرۆک کۆمار رۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت؟!" بڵاویکردووەتەوە.
بەهرۆز جەعفەر، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤهکاری سیاسی
سەرۆكی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS،
خوێندكاری دكتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتیەكان.