سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکان وتەبێژى
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "هیچ بڕیارێک بۆ گۆڕانکاری لە دەستپێکردنەوەی
دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکان نییە".
عەباس ئەکرەم وتەبێژى
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی
زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەرواری دیاریکراوی خۆیدا بە(BMC)راگەیاند، "هیچ بڕیارێک بۆ گۆڕانکاری دەستپیکردنەوەی
دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکان نییە، ئەو بڕیارانەی وەزارەت دەریکردووە لە کاتی خۆیدا
و بەبێ هیچ گۆڕانکاریەک جێبەجێ دەکرێت".
سەبارەت بە بووونی هەندێک کێشە و بایکۆتکردنی
دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکان پێش وادەی دەستپێکردنەوەی لە هەندێک کۆلێژ و بەشە
جیاوازەکان ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، "بێگومان بەدواداچوون بۆ هەر کێشەیەک
دەکەین کە هەبێت و رووبدات، تا ئێستاش هیچ کێشەیەک نییە و دەستپێکردنەوەی دەوامی
زانکۆ و پەیمانگاکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەبێت".
هاوکات بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و
پەیمانگاکانی هەرێم ناڕازین سەبارەت بە بڕیارەکانی وەزارەت بۆ دەستپیکردنەوەی
خوێندن بەشیوەی ئاوێتە و داوا دەکەن خوێندنی ناو کەمپس بە رێککارەکانی خۆپارێزی
دەستپێبکاتەوە، بەشێکی مامۆستایانی زانکۆش دەڵێن، "خوێندنی ئاوێتە و ئۆنلاین
ئاستی زانستی کەمدەکاتەوە و مەبەستی سەرەکی لە پەروەردەکردنی خوێندکار ناگات بە
مەبەستی خۆی".
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا بەشێکی زانکۆ و
پەیمانگاکانی هەرێم خوێندکارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە پێویستە پەیوەندی بە کلاس روومەکانیان
بکەنەوە بە مەبەستی ئامادەکاری تەواو بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆکان بەشێوەی
ئۆنلاین، کە بڕیارە لە بەرواری ١-١٠-٢٠٢٠ دەستپیبکاتەوە.