مانگرتنی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو دەستی پێکردەوە

کوردستان 23/09/2020

Alternate Text

بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی چەند ناوچەیەکی هەرێم مانگرتنیان لە کارەکانیان راگەیاندەوە.

 

شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (BMC)راگەیاند، "لە دوێنێوە پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەڵەبجە و سلێمانی و سیدسادق ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەستیان بە مانگرتن كردووەتەوە بەهۆی دابەشنەكردنی موچەكانیان لەكاتی خۆیدا و جێبەجێنەكردنی ئەو بەڵێنەی پێیان درابوو.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، مانگرتنی ئەم پزیشكانە گرفتێكی زۆری بۆ دروستكردوین بە تایبەت بۆ بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكان، لە ئێستادا كارمەندانی تەندروستی لە شوێنی ئەو پزیشكانە حاڵەتە كتوپڕەكان دەبینن".

ئەوەشی رونکردەوە، پێشتریش چەند جارێک ئەو پزیشکانە داوای ئەوەیان کردبوو کە موچەکانیان لەکاتی خۆیدا و بەبێ لێبڕینەوە دابەش بکەن.

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە داواشی کرد، شایستە دارایەکانی ئەو پزیشکانە لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت، چونکە بەهۆی دەوام نەکردنی ئەوانەوە گرفتی کەمی کارمەندی پزیشکیان بۆ دروستبووە.

مانگرتنی ئەو پزیشكانە لە كاتێكدایە تا ئێستاش لەلایەن وەزارەتی داراییەوە هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رانەگەیەندراوە . 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا