سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ
چوارشەممە ٢٣ی ئەیلول، رایگەیاند کە لە کاتێکدا یادی کارەساتی خێڵی حەمە دەکەینەوە
کە "تیرۆریستانی" جندالاسلام و انصار الاسلام ٤٣ پێشمەرگەی یەکێتییان بە
دیلی شەهید کرد.
لە راگەیەنراوێکدا کە بەبۆنەی تێپەڕینی ١٩ ساڵ
بەسەر رووداوی خێڵی حەمەدا تێدەپەڕێت بڵاویکردەوە، "نۆزدە ساڵ بەسەر کارەساتی
خێڵی حەمە تێپەڕدەبێت و لە ڕۆژێكی وەكو ئەمرۆدا لە ٢٣ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠١ دا
دوژمنانی ڕوناكی و ئارامی و ئاسایش بێگوێدانە بەھاکانی مرۆڤایەتی، تیرۆرستانی
جندالاسلام و انصار الاسلام دەستی ڕەشی تیرۆریان گەیاندە گوندی خێڵی حەمە و بە شێوەیەكی
دڕندانە و نامرۆڤانە ٤٣ پێشمەرگەی ی.ن.ك-یان لە ناوچەی شارەزوور بەدیلی شەهید كرد
و دواتر تەرمەکانیان شێواندن".
لە راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی یەکێتیدا هاتووە،
"یەکێتی یەکەم ھێزی کوردستان و عێراقیش بوو لەدژی تیرۆر وەستایەوە لە خانەقین
تا مەخمور و لە ڕۆژئاوا و کۆبانیش هێزی پێشمەرگە و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ئاسایش و
ناوخۆ ڕووبەڕووی داعش بوونەوە و بەسەریاندا زاڵبوون و سەدان شەھیدیشمان بەخشی بەکوردستان،
لەداھاتووشدا بەردەوام دەبین و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ سەقامگیری سیاسی و ئارامی و
پاراستنی ھەرێمەکەمانە".
دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان:
نۆزدە ساڵ بەسەر کارەساتی خێڵی حەمە تێپەر دەبێت
و لە رۆژێكی وەكو ئەمرۆدا لە 23ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠١ دا دوژمنانی رووناكی و ئارامی
و ئاسایش بێگوێدانە بەھاکانی مرۆڤایەتی ، تیرۆرستانی جندالاسلام و انصار الاسلام دەستی
رەشی تیرۆریان گەیاندنە گوندی خێڵی حەمە و بە شێوەیەكی دڕندانە و نامرۆڤانە 43 پێشمەرگەی
ی.ن.ك-یان لە ناوچەی شارەزوور بەدیلی شەهید كرد و دواتر تەرمەکانیان شێواندن.
لە كاتێكدا یادی ئەو کارەساتە دەكەینەوە وەك سەرۆکایەتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆمان بە قەرزاری خوێنی شەھیدان دەزانین و سەری رێز لە
ئاست گەورەیی ئەو شەھیدانە و شەھیدانی شەڕی تیرۆر و سەرجەم شەھیدانی كوردستان دادەنەوێنین.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان !
یەکێتی وەک لایەنی سەرەکی و یەکەمی قوربانی دەستی
تیرۆر و شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ھەمیشە لەبەرەی پێشەوەی دژبەتاریک پەرستان و
دوژمنانی ئازادی بووە، یەکێتی یەکەم ھێزی کوردستان و عێراق-یش بوو لەدژی تیرۆر وەستایەوە
لە خانەقین تا مەخمور و لە رۆژئاوا و کۆبانیش هێزی پێشمەرگەو دژەتیرۆر و ھێزەکانی
ئاسایش و ناوخۆ رووبەڕووی داعش بونەوە و بەسەریا زاڵبوون و سەدان شەھیدیشمان بەخشی
بەکوردستان، لەداھاتووشدا بەردەوام دەبین و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ سەقامگیری سیاسی و
ئارامی و پاراستنی ھەرێمەکەمانە.
چونکە ناکرێت مەترسی سەرھەڵدانەوەی تیرۆرو خۆڕێکخستنەوەیان
لەبەرچاونەگیرێت چونکە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەبێ یەکڕیزی نابێت و تا کۆتاییھێنان
بە رەگ و ریشەی بیری توندڕەویی، تیرۆر بەردەوام دەبێت.
بۆئەوەش پێویستی بەردەوامی و ھەماھەنگی زیاتری
ھەمەلایەنەی نێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ھاوپەیمانان دووپاتدەکەینەوە
و بەپشتیوانی خەڵکی خۆمان کوردستانەکەمان دەپارێزین و مەرامی ناحەزان و تیرۆریستان
لەگۆڕدەنێین و کاربۆ کوردستانێکی ئاوەدانترو ئارامتردەکەین.
لەمڕۆژەدا بە پێویستیشی دەزانین ھەموولایەک دڵنیابکەینەوە
كە گوزەرانی خانەوادەی شەھیدان بە ئەولەویەتی كارەكانمان دادەنێین و بەردەوام دەبین
لە ھەوڵەكانمان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان و خزمەتکردنی زیاتریان.
دووبارە سەری رێزو نەوازش لەسەر کێلی سەربەزی شەھیدانی
کارەساتی خێڵی حەمەو شەھیدانی کوردستان دادەنەوێنین و رێزی بێ پایانمان بۆ کەسوکارە
سەربەرزەکانیان.
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان