شاندێكی حكومه‌تی عێراقی بۆ ئەم مەبەستە سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات

کوردستان 24/09/2020

Alternate Text

شاندێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سه‌ردانی  هەرێمی کوردستان ده‌كات به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی كارتی نیشتمانی و  باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگە.

له‌راگه‌یه‌نراوێكدا، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، بڕیارمدا بە رەوانەکردنی شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق بۆئەوەی سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ هاوتاکانیان لە هەرێم باسی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکەن".

راشیگەیاندووە، ئەو کێشانە پەیوەندییان بە گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون و بەستنەوەی تۆڕی کارتی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە کارتی نیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

پێشتر گواستنەوەی ئەو دۆکیۆمێنتانە لەنێوان پارێزگاکان پێویستی بە رەزامەندیی بەغدا بوو، هه‌ر بۆیه‌ داوا لە بەغدا كراوه‌، هەرێمی کوردستان بە تۆڕەکانی عێراق ببەسترێتەوە بۆئەوەی هاوڵاتییانی هه‌رێم بۆ راست و دروستیی بەڵگەنامەکان سەردانی بەغدا نەکەن و لە رێگەی ئەو تۆڕەوە مامەڵەکانیان بۆ رایی بكرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا