ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی ئەیلول ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە ٢١ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی کراوە.
روونیشیکردووەتەوە، لە هەڵبژاردنەكەدا، هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی گوڵستان سەعید و دابان محەمەد بە (شەش) دەنگ یەکسان بوون، بەپێی دەستوری رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەگەر لە هەڵبژاردنێكدا دو كاندید هەبوو یەكێكیان (ژن) و ئەوی تریان (پیاو)، دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ (ژن)ـەكە دەبێت، بۆیە ژووری هەڵبژاردن و دواتریش ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەسەند كرد و (گوڵستان سەعید) بوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان.
ئەمە لە کاتێکدایە پێش چەند کاتژمێرێک دابان محەمەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەکە چەند زانیارییەکی دیکەی لەبارەی پرۆسەکەوە ئاشکرا کردبوو.