دوای دەستگیرکرنی و ئازاد نەکردنی بۆ ماوەی
پێنج رۆژ سەنتەری میترۆ داوا لە سەرۆككۆماری عێراق دەکات سكاڵاکەی لەسەر رۆژنامەنوس
بەهرۆز جەعفەر تۆماری كردووە بكشێنێتەوە.
سەنتەری
میترۆ داوا لە سەرۆككۆماری عێراق (بەرهەم ئەحمەد ساڵح) دەكات، لە رێی پارێزەرەكانی
ئەو داوایەی لەسەر سەرۆكی ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، ئەندامی
سەندیكای رۆژنامەنوسان بەهرۆز جەعفەر تۆماری كردوە، بكشێنێتەوە.
سەنتەری میترۆ رایگەیاندووە، بەهرۆز جەعفەر، سەرۆكی
ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، لە ٢٢ی ئەیلول لەلایەن بنكەی پۆلیسی
ئەزمەڕ لە شاری سلێمانی، لەسەر داوایەكی پارێزەری سەرۆك كۆماری عێراق، راگیرا.
سەنتەری میترۆ ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەمە پێنجەمین
رۆژە ئەو رۆژنامەنوسە لە گرتووخانەی تەسفیراتی سلێمانی لە هۆڵێكدا لەگەڵ دەیان راگیراوی
ترە، پەیتا پەیتا راگیراوەكانی تر بە "كەفالەت" ئازاد دەكرێن، بەڵام بۆ
بەهرۆز جەعفەر، تا هەنووكە وەك مافێكی یاسایی"
كەفالەت"ی بۆ دەستبەرنەكراوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە دۆسییەی رۆژنامەنوسان و ئەوەی پێی دەوترێت
"تاوانەكانی بڵاوكردنەوە" دەبێت بە پێیی یاسای ژمارە (٣٥) ی ساڵی ٢٠٠٧، مامەڵی لەگەڵدا
بكرێت نەك یاسای سزادانی عێراقی، كە رێوشوێنەكانی توندترن بۆ شكاتلێكرا.
دەشڵێت، پەنابردن پەنا بۆ یاسای ژمارە (١١١)ی
ساڵی ١٩٦٩، كە ماددەی(٤٣٣)ی یاساكە كە باس لەناو زڕاندن دەكات، رێگە خۆشدەكات بۆ
"دادوەران" كە شكاتلێكراو، بۆ چەند رۆژێ یان هەفتەیەك یان زیاتر راگرن.
جەختیشیکردووەتەوە، سەرباری داواكردنمان بۆ گۆرینی
دۆسییەی بەهرۆز جەعفەر لە یاسای سزادانی عێراقییەوە بۆ یاسای ژمارە ٣٥ی رۆژنامەگەری،
بەڵام ئەمرۆ یەك شەممە "كەفالەت" بۆ بەهرۆز جەعفەر رەتكرایەوە، برایەوە
بۆ شوێنی راگیراون لە تەسفیراتی سلێمانی.
سەنتەری میترۆ داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم
ئەحمەد ساڵح دەكات، وەك پارێزەری دەستوور، لە رێی پارێزەرەكانیەوە ئەو داوایەی لەسەر
بەهرۆز جەعفەر، بە تەواوەتی بكشێنێتەوە.
دەشڵێت، جەخت لەسەر لێدوانی پێشوومان دەكەینەوە
كە مافی هەر كەسێكە لەكاتێكدا هەست دەكات هەر نوسەر، رۆژنامەنوس چالاكوانێك ، ناوی
زڕاندووەو هەواڵی ناراستی دەربارەی كارەكانی بڵاوكردۆتەوە پەنا بۆ یاسا ببرێت، كە
بەلای ئێمە ئەو یاسایە یاسای رۆژنامەگەرییە نەك یاسایەكی تر.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، باشترە لەكاتی لادان و
تاوان و خاپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن كارمەندی بواری گشتی، كە یاسا رێگەی داوە
ئەو كارانەیان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت، بۆیە باشتر لە بری سانسۆرو هەرەشە رێوشوێنە
یاساییەكان، ئەو كەسانە رێگەی وەڵامدانەوە و روونكردنەوە هەڵبژێرن، با بەرپرسانی
حزبی و حكومی رەخنە قبوڵ بكەن و وەك فاكتەرێكی باشتركردنی كارەكانیان لێی بڕوانن.
لەماوەی مانەوەی مانەوەی (بەهرۆز جەعفەر)،
گرتوخانەی تەسفیراتی شاری سلێمانی، هەر یەك لە كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسانی ئەمریكی،
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، رێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنور، سەنتەری میترۆ، لەبارەی
شكاتەكەی سەرۆك كۆماری عێراق، بەیاننامەیان دەركردوەو داوایان كردوە ئەو نوسەرە
ئازاد بكرێت.