ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی هێرشە بەردەوامە شەوانەییەکانی بەغدادەوە توڕەیی ئەمریکا گەیشتووەتە لوتکە و ئەگەری چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق هەیە و بەشێکیش لە میدیاکان مەترسییەکانی تەقینەوەی دۆخی عێراق ئاشکرا دەکەن.
شەوی رابردوو ٢٧ی ئەیلول سایتی سکای نیوز لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ماسیۆ تولهر باڵیۆزی ئهمریكا له عێراق بهغدای جێهێشتووە و روویكردووەتە بینای كونسوڵخانهكهی له ههولێر.
ئاشکراشی کردووە، ئەم کارەی تۆلەر بۆ بۆ رێگەگرتن بووە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە بنغازی.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هۆشداری داوەتە مستەفا کازمی و هەواڵی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لەعێراق پێڕاگەیاندووە.
ئەمەریکا لە عێراق خاوەنی گەورەترین باڵیۆزخانەیە، بە شێوەیەک رووبەرەکەی لە رووبەری ڤاتیکان گەورەترە، چەند هێندەی باڵیۆزخانەکانی دیکەی لە وڵاتانی دیکە گەورەترە،لەناو باڵیۆزخانەکەدا ٢١ تەلار و چەندین چێشتخانە و هۆڵی گەورە و خزمەتگوزاری جیاوازی تێدایە.
سایتی ئەلعەرەبییە بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسە ئەمریکیەکان لە عێراق باسیان لەوەکردووە زانیاریان پێگەیشتووە، هەوڵێک هەیە بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان و بەبارمتەگرتنی کارمەندەکانیان.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ئاشکرای کردووە، ئەمریکا لەهێرشەکانی ئەم دواییەی سەر باڵیۆزخانەکەی لە عێراق تەواو توڕەیە، ئۆباڵەکەشی خستووەتە ئەستۆی میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، و رایگەیاندووە" مانگی هەنگوینیەکە کۆتایی هات".
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند مانگێک لەمەوبەر، دەزگا ئەمنییەکانی بەغداد دەستگیرکردنی باندێکیان راگەیاند کە کاریان دروستکردنی ئەو کاتیۆشایانە بوو کە ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغداد و باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە و یەکێکیش لە دەستگیرکراوەکان کەسایەتییەکی دیاری حیزبوڵای ئێران بوو.
بە گوێرەی زانیاری میدیا عێراقییەکان کە لە زاری بەرپرسانی ئەمنی عێراقەوە بڵاویانکردووەتەوە رایانگەیاندووە، ئەگەر بێت و ئەمریکا بکشێتەوە،دەبێتە هۆی ئەوەی هێزە چەکدارە میلیشیاکانی عێراق، کە ژمارەشیان کەم نین و زۆربەیان سەر بە ئێرانن، دەسەڵاتیان زیاتر بێت و رەنگە ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی عێراق زیاتر ئاسایشی بکەوێتە مەترسییەوە و زیاتر گرژی و نائەمنی ڕوو لە وڵات بکات.
جیا لەوەش کشانەوەکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی زۆری موستەفا کازمی و چاودێران پێیان وایە کەوتنی کازمی دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی ئەمنی عێراق.