ژمارەیەک نوسەر و رۆژنامەنوس و رۆشنبیر له یاداشتێكدا بهناوی (نا بۆ گەڕانەوەی
سانسۆرو بەیاساییکردنی بێدەنگی) بڕیارێكی وهزارهتی رۆشنبیری سهبارهت بهچۆنییهتی
چاپكردنی كتێب رهتدهكهنهوه.
له رۆژی ٢٤ی ئهم مانگه، له بڕیارێكدا كه
واژۆی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری لهسهره، بڕیاردراوه كه لەمەودوا پێدانی
ژمارەی سپاردن بەكتێب بەشێوەیەكی مەركەزی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە
گشتییەكانەوە دەدرێت، پێش پێدانی ژمارەی سپاردنیش، لەلایەن لیژنەیەكی شارەزای ئەو
بوارەوە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ كتێبەكان دهكرێت.
سهبارهت بهو بڕیارهی وهزارهتی رۆشنبیری،
ژمارەیەک نوسەر و ڕۆژنامەنوس و رۆشنبیر له یاداشتێكدا بهناوی (نا بۆ گەڕانەوەی
سانسۆرو بەیاساییکردنی بێدەنگی) كه ئاراستهی رای گشتی و وهزارهتی رۆشنبیری
كراوه، تێیدا هاتووه "وەزارەتی ڕۆشنبریی حکومەتی ھەرێم بڕیارێکی سەبارەت بە
سانسۆرکردنی کتێب دەرکردووە کە ڕۆژە ھەرە ڕەشەکانی سەردەمی بەعس و ئهزموونە تۆقێنەرەکەی
تاڵیبان و سیستمە دیکتاتۆریەتەکانی ئهوروپای خۆرھەڵاتمان بیردەخاتەوە".
ههروهها ئهوهشخراوهتهڕوو "ھێرش بۆسەر
کتێب دیاردەیەکە مێژوویەکی پڕ لە ناشیرینی و سوکایەتیکردنی ھەیە، جەوھەرەکەی بریتییە
لە ڕێگەگرتن لە عەقڵ و تواناکانی بیرکردنەوە لای مرۆڤ، ئهو فۆرمەی لە سانسۆر کە بەڕێوەیە
لە ھەرێمەکەی ئێمەدا و وەزارەتی ڕۆشنبریی خەریکی دروستکردنیەتی، پلانی ھێرشبردنێکی
سیستماتیکە بۆ سەر کتێب بەر لە دایکبوونیان"
دهقی یاداشتهكه:
نا بۆ گەڕانەوەی سانسۆر و بە یاساییکردنی بێدەنگی
وەزارەتی ڕۆشنبریی حکومەتی ھەرێم بڕیارێکی سەبارەت
بە سانسۆرکردنی کتێب دەرکردووە کە ڕۆژە ھەرەڕەشەکانی سەردەمی بەعس و ئهزموونە تۆقێنەرەکەی
تاڵیبان و سیستمە دیکتاتۆریەتەکانی ئهوروپای خۆرھەڵاتمان بیردەخاتەوە. ھەموو ئهمانە
لەیەکخاڵدا لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی ھەرێمدا یەکبوون: سانسۆرکردنی بیرکردنەوە
و نووسین.
ھێرش بۆسەر کتێب دیاردەیەکە مێژوویەکی پڕ لە
ناشیرینیی و سوکایەتیکردنی ھەیە، جەوھەرەکەی بریتییە لە ڕێگەگرتن لە عەقڵ و
تواناکانی بیرکردنەوە لای مرۆڤ. ئهو فۆرمەی لە سانسۆر کە بەڕێوەیە لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
و وەزارەتی ڕۆشنبریی خەریکی دروستکردنیەتی، پلانی ھێرشبردنێکی سیستماتیکە بۆ سەر
کتێب بەر لە دایکبوونیان.
ڕەچەتەیەکە بۆ ڕێگەگرتن لە لەدایکبوونی کتێب و
خنکاندنی بەر لەوەی بگاتە بەردەمی خوێنەران، پێوەرەکانی ئهم ھێرش بردنە و خنکاندنەی
کتێب، ئامراز و بەھاکانی ھەمان ئهو شتانەن کە سیستمە سیاسی و یاساییە ھەرە ناشیرینەکانی
دونیا بۆ کوشتنی کتێب دەیگرنەبەر، نەک ھەر کتێب بەڵکو ھەموو نووسین و داھێنانکی تر
کە لەگەڵ توانای عەقڵیی و زەوق و سەلیقەی ئهو رەقیبانەدا نەگونجێت کە لەمەولا کاریان
ئهبێتە ئهوەی بڕیاربدەن کام کتێبێک چاپبکرێت و کام کتێب بکوژرێت.
لەمەشدا ھەر کتێبێک نەچێتە ناو ئهو نەخشە سیاسیی
و ئهخلاقیی و ڕەمزییەوە کە ئهو ڕەقیبانە ھەڵیانگرتووە و بەھۆیانەوە نرخی شتەکان
دەپێون، لەناودەبرێت و ناھێڵدرێت لەدایکببێت، ئهمەش بە کردەوە سەپاندنی بەھا سیاسیی
و ئهخلاقیی و دینییە شەخسییەکانی ئهو ڕەقیبانەیە بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگادا و لەناوبردنی
ھەرشتێکە ڕێگەی نەکەوێتە ناو دونیا شەخسییەکەی ڕەقیبەکانەوە. ئهمەش بە ھەموو پێوەرێک
تاوانێکی گەورەیە لە دونیای ئهمڕۆدا، ترسناکترین شێوازی سانسۆریش ئهوەیە کەرەقیبەکان
بەناوی یاسا و دەوڵەت و سەروەرییەوە پیادەیدەکەن، بەناوی ڕێزگرتن لە پیرۆزیی و سەروەری
و پاراستنی وڵات و نەتەوەوە.
ھەر مللهتێک بەناو جەھەنەم و زمان و سیستمە
سانسۆرییەکەی بەعسدا تێپەڕیبێت شورەییەکی گەورەیە قسە لە سانسۆرکردنی کتێب بکات. لەڕووی
مێژووییەوە کتێبی ڕاستەقینە ھەمیشە ئهو کتێبانە بوون کە توڕەن، کە ڕەخنەگرن، کە بڕێکی
زۆر لە یاخیبوونیان تێدایە، گفتوگۆ دەخەنەوە، ڕیزبەندی قەناعەتەکان و بۆچوونەکان دەسکاریدەکەن،
پرسیاردەکەن، پڕن لە تەحەدا، گریمانە قبوڵکراوەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، کۆدە ئهخلاقییەکان
و تێگەیشتنە باڵا دەستەکان ڕەخنەدەکەن و لەڕێگای ئهمانەشەوە شتێکی تازە لەسەر جیھان
دەڵێن.
درزێک بۆ ڕوانینی تازە و بەرخوردی تازە و تێگەیشتنی
تازەدەکەنەوە، ھەموو کتێبێکی باش و کاریگەر شتێک لە لادانی تێدایە لەوەی کە ھەیە و
دروستکراوە، لەوەی درۆزنانە پیرۆزکراوە و درۆزانە ڕێزی لێگیراوە، کتێبی باش کتێبێکە
ھەمیشە شتێک دەشکێنێت.
سانسۆرکردن جەنگی عەقڵێکی داخراو و دواکەوتوو و
لەقاڵبدراوە، لەگەڵ عەقڵێکدا کە دژ بە داخران و دواکەتن و ئازادە. ئهمە وادەکات کەم
تاوان لە دونیادا بە ڕادەی تاوانی سانسۆرکردنی بیرکردنەوە و شتی تازەگوتن و دەرچوون
لە ڕیز، گەورەتر و ترسناکتربێت.
ئهم جۆرە تاوانانە دەیانەوێت دنیا تا ئهبەد بە
ھەمان شێوە و بەھەمان ریتم دووبارەببێتەوە و لەسەر ھەمان دید و بۆچونی دەق بەستو و
قوپاو و داڕزیو کڕبکەوێت.
ئهم بڕیارەی تازەیەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەمانباتەوە
بۆسەردەمی ئهدەبیاتی یاساغ و ھەڵاتوو لەدەستی سانسۆر، ئهدەبیاتێک بە دزیی چاوی وەزەراتەکان
و رەقیبەکانییەوە دەستاودەست بکات و مێژوویەکی تر بۆ ھەموو ئهوانە بنووسێتەوە کە
بەشێکن لەم تاوانە، یاخود بپەڕێتەوە بۆ ناو دونیای دیگیتالیی و لەوێدا درێژە بەجەنگی
خۆی دژ بە رەقیبەکان و وەزارەتەکانیان بدات.
سانسۆر سوکایەتییەکی گەورەیە بە تواناکانی مرۆڤ
لە بیرکردنەوە و نووسین و داھێناندا، سڕکردنی خەیاڵ و عەقڵ و بەندکردنیەتی لەناو زەوق
و تێگەیشتنی کۆمەڵێک ڕەقیبی بچووکدا، ھەرکەسێکیش بەشداربێت لە ئهنجامدانی ئهم
تاوانەدا لەڕیزی پێشەوەی تاوانبارە سەرەکییەکانە.
ئێمە بە توڕەییەکی زۆرەوە داوا لە وەزیری ڕۆشنبیریی
و وەزارەتەکەی دەکەین ئهم بڕیارە شەرمھێنە بوەستێنن و کوردستان مەکەن بە گۆڕستانی
کتێب. لێرەشەوە رایدەگەیەنین ئێمە پابەندی یٔەو بڕیارە نابین.
ناوهكان:
رەووف بێگەرد
قوبادی جەلیزادە - شاعیرو دادوەر
شێرزاد حەسەن
مەریوان وریا قانع
پشکۆ نەجمەددین
یٔاراس فەتاح
چۆمان هەردی
ساراعومەر - نووسەرو چالاکی بوارمافی مرۆڤ
هیوا قادر
پەیمان عیزەدین
دڵشاد عەبدوڵڵا
عەتا قەرەداخی
کەریم دەشتی
ساڤان عەبدولڕەحمان -وەرگێڕ
موتەلیب عەبدوڵڵا
ئهحمەدی مەلا
هەورامان وریا قانع
کەژاڵ ئهحمەد - شاعیر
هۆشەنگ وەزیری
سارا قادر
نارین رۆستەم - شاعیر
رێبین هەردی
حەمەفەریق حەسەن
هیوا فایەق
شوان محەممەد
سەردار محەممەد
دلاوەر قەرەداخی
خالید سلێمان
ئارام عەلی
زاهیر عەبە رەش
دانا رەووف
شارا رەشید
ئارام سەعید
کاوە محەممەد
لازۆ ئازاد
سیروان غەریب
شەهێن سابیر
ئاوات محەممەد
فەرەیدوون سامان
سەرگوڵ قەرەداخی
شیروان مەحموود وەرگێڕ- سوید
ستارە عارف
ئیبراهیم مەلازادە
باهۆز مستەفا
ڕازاو محمود فرج
گەشە دارا حفید
هێمن مامەند
کارزان گلی
کاکشار ئۆرەمار
محەمەد گۆران
هەڵاڵه سوهرابی
خالید شەیدا
سادق ئهحمەد رۆستایی
رەحیم سەرەڕۆ
سالار کۆشار
جەمال پیرە
نیاز عەبدوڵا
د.خلیل جندی
دڵسۆز حەمە
ئهنوەر رەشید عەوڵا
کەمال چۆمانی
ئاسۆس هەردی دهقی بڕیارهكهی وهزارهتی رۆشنبیری: