سایەتیکا (sciatica ) یاخود ( عرق النسا) چییە؟

تەندروستی 28/09/2020

Alternate Text

دەماری سایەتیک (sciatic nerve) شا دەمارێکە کە لە بەشی خوارەوەی پشت-ەوە دێت و بەرەو قاچەکان دەڕوات، ھەر کاتێک فشارێک لەسەر ئەم دەمارە دروست دەبێت بەھۆی ئینزلاقی دیسکی نێوان بڕبڕەکانی پشتەوە یاخود ئێسکی زیادە یاخود کرژبوونی ماسولکەی پسۆس( psoas..) توشی ئازارەکانی سایەتیکا ئەبیت .
نیشانەکانی :
١- ھەست کردن بە سوتانەوە و سربوون لە قاچەکاندا.
٢- بێھێزی و ئازار لەسمت و قاچەکاندا .
٣- ھەندێک جار ھەستێکی وەکو دەرزی ئاژەنین دروست دەبێت لە پێ کاندا .
٤- ھەندێک جار وەکو تەزوویەکی کارەبا یاخود ئازارێکی وەک چەقۆ بە قاچ دا دەڕوات .

دەستنیشانکردن :
١- پشکنینی سەریری بۆ نەخۆشەکەو پرسینی نیشانەکانی نەخۆشیەکە .
٢- ئێکس رەی (x ray) یاخود ئەشیعەی ڕەش و سپی .
٣- ستی سکان (CT) ..
٤- ئەشیعەی تەنووری (MRI)...

چارەسەرکردن :
١- ھەندێ جار بەھۆی گرژی ماسولکەکانەوە ئەم ئازارە دروست دەبێت و دوای ماوەیەک نامێنێت ..بینراوە ٨٠٪ ئەوانەی ئازاری ئەم دەمارەیان ھەیە دوای دوو سێ ھەفتە بەرەو چاک بوون دەچن .
٢- مانەوە لە جێگادا بۆ ئەم ئازارە ئەگەری لاوازکردنی ماسولکەکان زیاد ئەکات ..بەڵام وەستان بە پێوەش یان دانیشتنی زۆر ئازارەکە زیاد دەکات ،لەبەرئەوە باشترە لەجولەدا بیت وەکو نیو سەعات بە پێ ڕێکردن .
٣- وەرزش : ئەگەر ئازارەکە زۆر نەبوو شتێکی باشە ئەو وەرزشانە بکەیت کە دەمارەکە ڕائەکێشێت یاخود ماسولکەکانی بەشی خوارەوەی پشت ڕائەکێشێت و گرژبوونی ماسولکەکان کەم ئەکاتەوە .
٤- پاکی گەرم یان سارد یاخود جەوەنە : ھەمیشە بەسودە بۆ کەم کردنەوەی ئازار ..ساردی تەنیا لە کاتی پێکانێکی کتوپڕ لەماوەی ٧٢ سەعات دا ..دوای ئەم ماوەیە گەرمی بەکار دەھێنرێت بۆ ماوەی ١٥-٢٠ دەقیقە ھەموو جارێک بەڵام ئاگادار بیت کە پێستت نەسوتێنیت باشترە جەوەنەکە گە خاولیەکەوە بپێچیت .
٥- بەکارھێنانی ئازار شکێنەکان وەکو (NSAI) یاخود ماسولکە خاوکەرەوەکان , ئەو دەرمانانەی بۆ گەشکە بەکاردەھێنرێن وەکو ( گاباپێنتین -- پریگابالین )..ھەندێک لە دەرمانە ھێورکەرەوەکان .
٥- چارەسەری سروشتی یاخود چارەسەری فیزیایی ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە کەم کردنەوەی ئازاری سایەتیکا .
٦- دەرزی ئاژەنین و یۆگاو میدیتەیشن لەوانەیە ڕێگە چارەیەکی باش بن بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکە .
٧- شێلان و مەساج کردن بە ڕێگەیەکی زانستی پرۆفیشناڵ سوودی زۆرە .
٨- کۆنترۆڵکردنی ستریس : لەبەرئەوەی ئازار دوو لایەنی ھەیە لایەنێک جەستەیی و لایەنێک دەروونی ، لەبەرئەوە کەم کردنەوەی ستریس و بیرکردنەوەی نەگەتیڤانە کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر کەم کردنەوەی ئازار.
٩- بەکار ھێنانی( دەرزی ئیپیدوراڵ ) بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئازار کە ئەمیش دەرزییەکە لەژێر ئامێری (C- arm)دا یاخود لەژێر ئامێری سۆنەردا بۆ ڕەگی دەمارەکان و خاڵی ئازارەکان لەپشتدا دەکرێت.، ھەندێ دەرمان دەکرێتە دەوری دەمارەکە بۆ کەم کردنەوەی ھەوکردن و فشاری دەوری دەمارەکە .
١٠- نەشتەرگەری : لە ٩٠٪ حاڵەتی سایەتیکا پێویستی بە نەشتەرگەری نیە ، بەڵام ھەندێ جار پزیشکی پسپۆر بە پێویستی دەزانێت کە نەشتەرگەری بکات لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا :
-- لەدەست دانی کونترۆڵکردنی میزکردن و پیسایی کردن .
--کەوتنی قاچ (سقوط قدم ) ، وپوکانەوەی ماسولکەکان .
--کاتێک ئازارەکە ھێندە زۆرە بەھیچ جۆرێک کۆنترۆڵ ناکرێت .
*

چ کاتێک زۆر پێویستە ئاگاداری پزیشکەکەت بکەیتەوە ؟
سایەتیکا حاڵەتێکی بێزار کەرو ئازار بەخشە بەڵام ترسناک نیە .. بەڵام ھەندێ جار ھەیە پێویستە پزیشکەکەت ئاگادار کەیتەوە لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا :
- بوونی تا ( بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ) ..
- بوونی خوێن لە میزدا .
- کۆنترۆڵ نەکردنی میز و پیسایی .
- ئازاری زۆر بەھێز کە لەشەودا بێدارت کات .

د. ھەڤین کمال شاە محەمەد
ئەندامی پرۆفیشناڵی ئەکادیمیایی ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا