بافڵ تاڵه‌بانی: سەركردایەتی نوێی یەكێتی وەفاداری رێبازی مام جەلاله‌

کوردستان 03/10/2020

Alternate Text

بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی  به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕه‌بوونی سێ سأڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی مام جه‌لال په‌یامێكی بڵاووكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌، سەركردایەتی نوێی یەكێتی وەفاداری ئەو رێباز و ڕێگا ئاوەدانەیە كە سەرۆك مام جەلال نەخشەی بۆ كێشاوە.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتییه‌:

خوشک و برایانی بەڕێز
گەلی تێكۆشەری كوردستان
سێ ساڵ لەمەوبەر و لە پایزێكی وەك ئەمڕۆدا، گەلی كوردستان و سەرجەم عێراقییەكان، پرۆسەی دیموكراسی و ئاشتی و پێكەوەژیان لەوڵاتەکەمان ڕابەرێكی هەڵكەوتوو، تێكۆشەر و پێشمەرگەی زیاتر لە نیو سەدە خەباتی ڕزگاریخوازی و دیموكراسیان لە دەست دا، عێراقی دیموكرات و فیدڕاڵیش یەكەمین سەرۆکكۆماری هەڵبژێردراوی گەلپەسەندی بەرەو كاروانی جاودیدانی و نەمری بەڕێكرد.
لە رێكەوتی (3/10/2017) دڵە گەورە و میهرەبانەكەی سەرۆك مام جەلال ڕابەری شۆڕشی نوێ‌ و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە وێستگەی چارەسەری و پشووی جەنگاوەرێكی ماندوونەناس، لە لێدان کەوت و بۆ یەكجاری ماڵئاوایی لێکردین.
كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، سەرانسەر كوردستان بەهەموو بەشەكانی و گەلانی عێراق و بگرە تێكڕای ئازادیخواز و دیموكراسیخواز و ئاشتیخوازانی دونیای خەمبار و نیگەران كرد.
سەرۆك مام جەلال لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بێوچان، خەباتی ھەمەلایەنەی كرد بۆ سەلماندن و بەدیهێنانی مافە ڕەوا نەتەوەیی و دیموكراسیەكانی گەلی كورد و پیادەكردنی بژاردەی دیموكراسی و دادپەروەری و پێكەوە ژیان لە عێراقی فرە پێكهاتەدا.

لە شۆڕش و بزوتنەوەی پێشمەرگایەتیدا، مام جەلال نموونەی گەورە و باڵای ڕابەری شۆڕشگێڕ و وردبین و ورەبەرز و پتەو بوو.
ئەزموونی كەڵەكەبووی مام جەلال لەم کایەدا هەر لە قۆناغی سەختی دەستپێكی شۆڕش تا داستان و نەبەردییەكان بۆ دانوستاندنی سیاسیی و دیبلۆماسی و دواجاریش بەرەنگاربوونەوەی مەرگەساتەکانی بەسەر گەلەکەمان ھات و گۆڕینی بەرەو ڕێی ھەڵسانەوە و ڕاپەڕینی بەهاری (1991) و قۆناغەكانی کوردستانی ڕزگار، ئەزموونێكە ناوازە و دەگمەن. لەھەمووشیاندا خاوەن ئاکار و رەوشتی بەرزی نیشتمانیی و نەتەوەیی بوو، مام بوو.

لە خەباتی دیپلۆماتیدا، وێنەی مام جەلال لە مێژووی كوردایەتی ھاوچەرخ و هەتا خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ناوچەكەشدا دەگمەنە.پەیوەندییەكانی لە ئاستی میللەتانی رۆژھەڵات و دونیای عەرەبی و ئاسیا و رۆژئاوادا، بناغه‌ی پتەوی ئەو دەستكەوتە دیپلۆماتییانە بوون کە رەوایی و رەسەنایەتی مەسەلەی کوردی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەکردەوە.
گەلانی ستەمدیدەی عێراق
تێکۆشانی سیاسیی و شۆڕشگێڕی سەرۆک مام جەلال ھەمیشە لەسەر دینگەی پتەوی دیموکراتیزەکردنی وڵات و مسۆگەرکردنی ویستە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بیناکرابوو بۆیە سەرەنجام ھەر ئەو نەخشە رێگا دیموکراتییە فرەییە سەرکەوت کە نەخشە رێگای عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵیی بوو.
لە دوا وێستگەی ژیانی سیاسییشیدا سەرۆك مام جەلال لە پێگەی پارێزەری دەستوورەوە لە پێناوی نزیك كردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و پێكهاتەكان و چەسپاندنی سازان و تەبایی لە نێوانیاندا، هەموو هەوڵێكیدا و هەمیشە خاڵی كۆكەرەو و ڕاگرتنی هاوسەنگی بوو، هەر بۆیە بە (سەمام ئەمان)ی عێراق ناوزەد كرا.
گەلی کوردستانی سەرتاسەر
نەخشە رێگەی وڵاتێكی دیموكرات و فیدراڵ كە مافە نەتەوەییەكانی كوردی لە عێراق تێدا مسۆگەر کرا ، بووە نموونەی شایان بۆ سەرتاسەری كوردستانی كە ئیلهامبەخشی بەشەكانی تری كوردستانیش بێت لە خەباتی دیموكراسی و ئاشتیخوازی و مافخوازیاندا. بەمەش، لە پاڵ پشتیوانی لە مێژینەی لە خەباتی سەرتاسەری گەلەكەمان، رەهەندی كوردستانیی بەكرداری سەرۆك مام جەلال چاكترو بەرچاوتر درەوشایەوە.
هەڤاڵانی یەكێتی، پێشمەرگە قارەمانەكانی رێبازی ئاوەدانی مام جەلال، تێكۆشەرانی ژنان و لاوان و بیررۆشنانی رێگای ئازادی بیروڕا و رێگای مافی چارەنووس ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێك زیاتر یەكێتیەكەمان، گەلەكەمان و رێبازی دیموكراسی ناوچەكەش، پێویستی بە حیكمەت و ئەزموون و دونیابینی سەرۆك مام جەلالە، دونیابینییەك كە كەلتوورێكی سیاسی و میراتێكی شۆڕشگێڕانەی دەوڵەمەندە و هەموو لایەك دەتوانن دەرس و وانەی لێ وەر بگرن. بەڵام بۆ یەكێتییەكان ماف و ئەركێكی سەنگینی یەكێتییانە، كوردستانییانەو دیموكراتییانەیە كە پێوەی پەیوەست بن و لەسەری بڕۆن و بگرە دەوڵەمەندتریشی بكەن.
سەركردایەتی نوێی یەكێتیش لە دوای كۆنگرەی نوێبوونەوەوە وەفاداری ئەو رێباز و ڕێگا ئاوەدانەیە كە سەرۆك مام جەلال نەخشەی بۆ كێشاوە. بۆیە جێی خۆیەتی لەم یادەدا بەڵێنی یەكێتییانە دووپات بكەینەوە كە فەلسەفەی مام جەلال قبلەنمای خەباتمان بێت.
ڕێ و رێبازی مام و هەموو شەهیدان و تێكۆشەرانی یەكێتی هەمیشە ئاوەدان ‌و درێژەی دەبێت تا بەدیهێنانی هەموو ئاوات و ئامانجە نەتەوەیی و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان.
سڵاو لە رۆحی پاكی ڕابەر و سەرۆكی مێژووییمان مام جەلال
نەمری بۆ هەموو شەهیدانی یەكێتی و گەلی كوردستان
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
3/10/2020

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا