توێژینەوەیەکى نوێ دەریخستووە، گەلى عێراق لە نێو گەلانى
خۆرهەڵاتى ناوەراستدا پلەى یەکەمى هەیە لە زۆرى خەم و نائومێدى و دڵتەنگیدا و زۆرینەى
هاوڵاتیانى بەدەست خەمۆکى و گرفتە دەرونییەکانەوە دەناڵێنن.
ئەمڕۆ شەممە توێژینەوەیەکى نوێ کە سەنتەرى بارۆمیترى عەرەبى
لەسەر رێژەى ئاسودەیى و دڵخۆشى هاوڵاتیانى رۆژهەڵاتى ناوەراست ئەنجامیداوە، دەریخستووە
گەلى عێراق نائاسودەترین گەلى رۆژهەڵاتى ناوەراستن و زۆربەى هاوڵاتییەکانى بەدەست
گرفتى دەرونى و خەمۆکییەوە دەناڵێنن.
توێژینەوەکە زیاتر لە ٢٥هەزار کەسى وەک نمونە لە تەواوى
رۆژهەڵاتى ناوەراستدا وەرگرتووە و لە ئاستى دڵخۆشى و هۆکار و رێژەى خەمبارى و
نائاسودەیى ئەو کەسانە کۆڵدراوەتەوە، بە پێى ئەنجامى توێژینەوەکەش دەرکەوتووە، %٤٣
ى ئەو کەسانەى کە خەمبار و نائومێد و بێزار بوون لە هاوڵاتیانى عێراق بوون، و %٤٠
ى دیکەیان تونسى بوون و %٣٧ ى دیکەش هاوڵاتیانى فەڵەستین بوون، بەوەش عێراق پلەى یەکەم
و تونس دووەم و فەڵەستین پلەى سێیەمى هەیە لەو وڵاتانەى کە هاوڵاتییەکانیان زۆربەى
دڵتەنگ و نائومێدن.
لە بارەى هۆکارى ئەو رێژە زۆرە لە هاوڵاتیانى بێزار و
نائاسودە لە عێراقدا، توێژینەوەکە ئاماژەى بەو جەنگ و ململانێ یەک لە دواى یەکە
کردووە کە بە درێژایى نزیکەى یەک سەدەیە بەرۆکى عێراقى گرتووە و بەردەوام هاوڵاتییەکانى
بوونەتە سوتەمەنى جەنگ و کێشە سیاسییەکانى ناوچەکە.
ئەو توێژینەوەیە ئاماژەى بە وڵاتى کوەیت کردووە کە کەمترین
رێژەى خەمۆکى و هەستکردن بە نائومیدى تێدایە بە جۆرێک %١٢ى ئەو کەسانەى کە لە توێژینەەکەدا
وەرگیراون و نائاسودەیى خۆیان دەربڕیوە خەڵکى کوەیت بوون، ئەوەش کەمترین رێژەى هاوڵاتى
خەمبار ودڵتەنگە لە رۆژهەڵاتى ناوەراستدا، بەو هۆیەشەوە کوەیت بە خۆشگوزەرانترین وڵاتى
خۆرهەڵاتى ناوەراست هەژمار کراوە.