تیمى پزیشکى ترەمپ رایگەیاند، لە ئێستادا دۆناڵد ترەمپ لە
ژێر چاودێرى وردى پزیشکیدایە و ناتوانن کاتى چاکبوونەوەى سەرۆک دیاریبکەن و چاوەروانى
کاردانەوەى لەشى ئەو سەرۆکە دەکەن لەگەڵ چارەسەرەکاندا.
ئێوارەى ئەمڕۆ تیمى پزیشکى تایبەت بە چارەسەرکردنى دۆناڵد
ترەمپ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا باسى لە رەوشى تەندروستى ترەمپ کرد و رایگەیاند، ناتوانن لە ئێستادا کاتى
چاکبوونەوەى ترەمپ رابگەیەنن و لە ئێستادا چاودێرى وردى تەندروستى دەکرێت و کار بۆ
ئەوە دەکەن رەوشى ترەمپ بەرەو خراپتر نەڕوات.
ئەو تیمە پزیشکییە ئاشکراشیکردووە، ترەمپ پێویستى بە ئامێرى
هەناسەدان نییە و تەندروستى جێگیرە، وتیشى، ترەمپ چەند دەرمان و چارەسەرێکى پێدراوە
و ئەمڕۆش دەرمانى "ريمديسيفير" ى پێدراوە و چاوەڕوانى ئەنجامى چارەسەرەکان
دەکەن.
لەبارەى کاروبارى سەرۆکایەتى ئەمریکاشەوە پزیشکەکانى ترەمپ
ئاماژەیان بەوەکردووە، دۆناڵد ترەمپ کاروبارەکانى خۆى لە نەخۆشخانەوە بەڕێدەکات.
هەر لەبارەى رەوشى تەندروستى سەرۆکى ئەمەریکاوە تۆڕى هەواڵى
سى ئێن ئێن لە زارى راوێژکارێکى ترەمپەوە رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ هەست بە
ماندوییەتى دەکات و هەناسەدانیشى وەک پێویست نییە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەى دوێنێ کۆشکى سپى ئەمەریکا رایگەیاند،
دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە
و بە مەبەستى چارەسەرکردن گەیەندراوەتە نەخۆشخانەى والتەررید لە شارى ماریلاندى ئەو
وڵاتە.