رێکخراوى لێبوردنى جیهانى لە راپۆرتێکدا راگەیاندووە، سیاسەتەکانى حکومەتى بەریتانیا لە رووبەروبونەوەى کۆرۆنادا مافى مرۆڤى پێشێلکردووە و بەتایبەت کەسانى بەساڵاچوو کە بە هەزارانیان بوونەتە قوربانى ئەو جۆرە سیاسەتە.
رێکخراوەکە لەبارەى رێوشوێنەکانى رووبەروبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە بەریتانیا راپۆرتێکى ئامادەکردووە و دەڵێت، سەرۆکوەزیران و تەواوى کابینەکەى بۆریس جۆنسۆن باش زانیویانە کە کۆڤید ١٩ دەبێتە مەترسییەکى جددى بۆسەر بەساڵاچووانى ئەو وڵاتە و بەڵام هیچ رێوشوێنێکى تایبەت بەو کەسانەیان نەگرتووەتەبەر و سیاسەتى ئەو حکومەتە ژیانى هەزاران بەساڵاچووى کۆتایى پێ هێناوە، کە ئەوەش پێشێلکردنى ئاشکراى مافى مرۆڤە و بەتایبەتیش کەسانى بەساڵاچوو.
بە پێى راپۆرتەکەى ئەو رێکخراوە، لە ماوەى تەنها سێ مانگدا لەخانەى بەساڵاچووانى بەریتانیادا ٢٨١٨٦ کەس بەهۆى کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لەو رێژە مردنە بە کۆرۆنا ١٠هەزارى دیکەش هەر لەو بەساڵاچووانە گیانیان لەدەستداوە بێ ئەوەى پشکنینیى کۆرۆنایان بۆ بکرێت کە پێدەچێت زۆرێک لەوانەش هەر بە هۆى هەمان ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست دابێت.
ئەو رێژە زۆرەى مردن لەناو کەسانى بەساڵاچووى بەریتانیا لە کاتێکدایە، لەسەرەتاى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا بەو وڵاتەدا بۆریس جۆنسۆن ى سەرۆکوەزیران رایگەیاند، سیاسەتى کابینەکەى بۆ روبەروبونەوەى ڤایرۆسەکە ئەوەیە لێبگەڕێن زۆرینەى دانیشتووانى وڵاتەکە تووش ببن و جۆرێک لە بەرگرى بەرامبەر ڤایرۆسەکە دروست ببێت، بەوەش ژیانى هەزاران کەسى بەساڵاچوو کەوتە مەترسییەوە.