لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەداتە حکومەت گەر لە قەرزکردن بەردەوامبێت لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا مایەپووچ دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممەچواری تشرینی یەکەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە ماوەی چاوەڕوانی کردنی حکومەت لە جێبەجی کردنی یاسای قەرزکردنی دەرەکی و ناوخۆیی کە لە مانگی شەشدا دەنگی لەسەر دراوە و ماوەی ٦٠ رۆژ دراوەتە حکومەت بۆ پێشکەش کردنی چارەسەرێک بۆ كێشە داراییەکانی عێراق، بەڵام دووبارە پرۆژە یاسایەک پێشکەش کراوە بۆ دووبارە قەرز کردنەوە، وەکو بڵیی تەنها کاری وەزارەتی دارایی قەرز کردن بێت.
روونیشکردووەتەوە، ئەگەر ئەم قەرزکردنە بەردەوام بێت ئەوا لە شەش مانگی داهاتوودا دەبێت عێراق مایەپوچ بوونی خۆی رابگەیەنێت، دەشڵێن ئایا ئەمە چارەسەرە؟ چی روودەدات ئەگەر نرخی نەوت زیاتر دابەزی؟
ئاشکراشی کردووە، حوکمەت دەیەوێ تۆپەکە بخاتە گۆڕەپانی پەرلەمانەوە تا وای لێبکات هەڵبێژیرێت لە نێوان تێپەڕاندنی یاسایەکی قەرز کردن کە دەبێتە هۆی ماڵوێرانی عێراق کە کاریگەری لەسەر نەوەکانی داهاتووش دەبێت یاخود بە خەڵک بڵێن کە پەرلەمان یاسای قەرز کردن پەسەند ناکات هەر بۆیە مووچە نییە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، پرسی موچە لە پەرلەمان نییە، بەڵکو یەکێکە لە بەرپرسیارێتیەکانی حکومەت و پێویستە لەسەری کە پابەند بێت پێوەی. و هەر هەوڵێک بۆ دانی تۆپەکە بە پەرلەمان خۆ دزینەوەیە لە ئەرکەکانی خۆی.