ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سعودییە دەڵێت" کەیسی فەلەستین رەوایە، بەڵام پارێزەرانی شکستخواردوون.
ئەمیر بەندەر بن سوڵتان، ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سعودییە، لە بەرنامەیەکی بەڵگەنامەییدا چەندین زانیاری لەبارەی کەیسی ئیسرائیل فەلەستینی دەدرکێنێت و لە درێژەی بەرنامەکەدا دەڵێت، ئەو کاتەی رێککەوتنامەی ئیمارات و ئیسرائیل کرا، تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیمارات کێشایەوە، بەڵام ئەی بۆچی باڵیۆزی ئیسرائیلی لە وڵاتەکەی دەرنەکرد، یان لانی کەم باڵیۆزەکەی خۆی لە ئیسرائیل نەکشاندەوە؟.
ئەو بەرپرسە سعودییە ئاشکراشی کرد، تورکیا رەخنە لەو وڵاتانە دەگرێت کە لەگەڵ ئیسرائیل هەوڵی رێککەوتن دەدەن، بەڵام خۆی پەیوەندییەکی بازرگانی گەورەی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە و ئامادە نییە بیوەستێنێت.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی وتووە، کەیسی فەلەستین کەیسێکی رەوایە، بەڵام پارێزەرانی شکستخواردوون، ئەو کێشە و کەموکورتیانەی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا هەیە، کەیسە جەوهەرییەکەیان بیر جیهان و وڵاتە عەرەبییەکان بردووەتەوە.