ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق کرد و چەند پرسێکی تایبەت بە دۆخی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.
ئەمڕۆ سێشەممە شەشی ئەیلول، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەیڤد کۆپلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و رۆب واڵەر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك تەوەری وەک دۆخی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا کرا.
لای خۆیەوە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و وەبەرهێنان.