نەخۆشی ئەنفلەوەنزای
وەرزی ساڵانە لە وەرزی پاییز سەرهەڵدەدات ، ملیۆنان کەس لە جیهان تووش دەبن ، هەزاران
کەسیش پێی دەمرن.
چەند ساڵێکە ڤاکسین دژی ئەنفلەوەنزا دروستکراوە ، لەو کەسانە دەدرێت کە پێشبینی
تووشبونیان زیاترە و مەترسی لەسەر ژیانیان زیاترە وەک کەسانی سەروو تەمەنی 65 ساڵی و منداڵی بچووک و ژنی دووگیان و کەسانێک نەخۆشی
دڵ و گورچیلە و ڕەبۆ و شەکرەیان هەبێ یان بەرگری لەشیان لاوازە.
ئەم ساڵ پێویستە هەموو ئەو کەسانە هەوڵی بەدەستهێنانی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا
بدات ، تەنانەت پزیشکان و نێرس. مانگی
10 باشترین کاتە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە ،
دوای وەرگرتنی ماوەی دوو هەفتەی پێویستە تاکوو بەرگری لەش پەیدابێت دژی ئەنفلەوەنزا،
تەمەنی بەرگرییەکە کەمتر لە ساڵێکە، ساڵانەش ڤایرۆسەکە شێوەی خۆی دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە
ساڵانە وەربگیرێت .
لەکاتی ئێستا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵداوە و تاکوو ئێستا ڤاکسین و دژە ڤایرۆسی
نییە ، تووشبوون بە هەردوو ڤایرۆس لە هەمان کاتدا مەترسی زیاتر دەبێت، نیشانەی ئەنفلەوەنزا
و کۆڤید19 لێک نزیکن و جیاناکرێنەوە، بۆیە
خۆپاراستن بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا پێویستیەکی هەنووکەییە.
ئامادەکردنى: د.سەردەشت طاهر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو