ئازار ئەو ھەستە بێزارکەر و بێزراوەیە کە پێت دەڵێت
بەشێک لە جەستەت تەندروست نییە و کێشەیەکی هەیە . ئازار ئەزمونێکی جەستەیی و ھەستەوەری
و سۆزدارییە کەھەم لەلایەنی جەستەیی و فیزیکیەوە لەکارت دەخات، ھەم لە لایەنی دەروونی
و سۆزدارییەوە .ئازار لەئەنجامی پەیوەندی نێوان مێشک و دڕکە پەتک و دەمارەخانەکانی
لەش دروست دەبێت و ئەو سیگناڵی بەرگریەیە کە مێشک و دەمارەکانت دەینێرێن بۆ مێشک و هۆشیارت دەکەنەوەو و پێت دەڵێن :
"ئاگادار بە نەخۆشییەک بە ڕێوەیە!
".
چەندین جۆر پۆلین کردن ھەیە بۆ ئازار، کەگرنگترینیان
پۆلێنکردنە بە پێی پاسۆفیزیۆلۆژی ئازارەکە، ئەوی تریشیان بەپێی کات و بەردەوامبوونی
ئازارەکە .
ھەستکردن بە ئازار لەمرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر دەگۆڕێت،ھەر
بۆیە لەوانەیە ڕێگای دەڕبرینی ئازار لەمرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر جیاواز بێت و مەرج
نییە ئەوەی بۆ تۆ ئازار بەخشە، بۆ یەکێکی تریش بەھەمان شێوە ئازار بەخش بێت . تێگەشتن
لەجۆری ئازارەکەت بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ پزیشکەکەت و بۆ گەشتن بە دەستنیشانکردنی
تەواو وچارەسەر، جگە لە گرنگی بۆ خۆت و بۆ
چۆنیەتی مامەڵەکردنت لەگەڵ ئازارەکانتدا .
جۆرەکانی ئازار بەپێی کاتی بەردەوامبوونی :
١- ئازاری کتوپڕ : بریتییە لە ھەر ئازارێک کەلەپڕ دروست دەبێت و لەماوەی سێ
مانگدا کۆتایی پێدێت و بەرەوباشبوون دەڕوات ھەر کات ھۆکارەکەی نەما . زیاتر لەکاتی
نەخۆشی کتوپڕ و پێکان دروست دەبێت وەکو : شکان، نەشتەرگەری، سوتان ، برینداری...ھتد.
٢- ئازاری بەردەوام : بە ھەموو ئازارێکی بەردەوام دەوترێت لە سێ مانگ زیاتر، کە
لەگەڵ نەمانی ھۆکارەکەش بەڵام ئازارەکە ھەر بەردەوامە . ئەو کەسانەی لەگەڵ ئازاری
بەردەوامدا دەژین، لەوانەیە تووشی خەمۆکی و بێ تاقەتی بەردەوام بن . ھەندێک نیشانەی
تر کە لەگەڵ ئازاری بەردەوام ھەیە ئەمانەن :
--- گرژی ماسولکە
--- نەبوونی ووزەو چالاکی
--- کەمی جووڵە
ھەندێک نموونە بۆ ئازاری بەردەوام وەکو : سەرئێشە،
ئازاری دەمار بەھۆی نەخۆشی بڕبڕەکانی پشت و مل، ئازارەکانی جومگە بەھۆی داخوران و ڕۆماتیزم،
فایبرۆمایەڵجیا ...ھتد .
جۆرەکانی ئازار بەھۆی پاسۆفیزێۆلۆژی ئازارەکە؟
١- ئازاری ھەستی (nociceptive pain ) : باوترین جۆری ئازارە،
بەھۆی تەحفیزبوون و وروژاندنی وەرگری ئازار (nociceptor) ەوە دروست دەبێت، کەئەمانەش
ھەستە ئەندامی(receptor) وەرگری ئازارن لەلەشدا لەکاتی برینداری و نەخۆشی و ھەوکردنی خانەکان .
لەھەموو جەستەدا ئەم ریسیپتەرانە یاخود وەرگرانە ھەن،
لەپێست و لە ھەناویشدا . ھەر کاتێک لەش تووشی پێکان، برینداری، ھەوکردن، نەخۆشی
...ھتد دەبێت، ئەم وەرگرانە چالاک دەبن و سیگناڵی ئازار دەگەیەنن بە دڕکە پەتک لەڕێگای
دەمارەکانەوە، لەدڕکە پەتکیشەوە بۆ مێشک . ئەم ئازارە لەوانەیە لەپڕ بێت و لەوانەشە
بەردەوام بێت . ھەروەھا لەوانەیە ڕووکەش و لەپێست و ماسولکەدا بێت، یاخود لە ئەندامەکانی
ناوەوەی لەش و ھەناو بێت .
--- ئازاری ھەناوی : بەھۆی برینداری و تێکشکاندنی ئەندامەکانی ناوەوە . لەوانەیە
ھەست بە ئازار بکرێت لە ناوچەی سنگ، قەد، سک، حەوز، زۆر زەحمەتە بتوانیت لەم جۆرە
ئازارەدا شوێنی ئازارەکە دیاری دەکرێت . ئازاری ھەناوی زۆر جار بەشێوەی فشار، توندی،
گوشران، پێچ د ەبێت.ھەروەھا ھەندێک نیشانەی تری لەگەڵدایە وەکو ڕشانەوە، دڵتێکھەڵھاتن،
تا، لێدانی خێرایی دڵ، بەرزی فشاری خوێن .
نموونە بۆ ئازاری ھەناوی وەکو: ئازاری بەردی زراو،
ڕیخۆڵە کوێرە، گرژی و تەھەیوجی قۆڵۆن..ھتد .
---ئازاری ڕووکەشی (سۆماتیک): ئازارە لەبەشی ڕووکەشی لەش، بەھۆی وروژاندنی وەرگرەکانی (receptors)، ئازار دروست دەبێت لە خانەو شانە ڕووکەشەکاندا نەک خانە ھەناوییەکان
. زۆر بەئاسانی دەتوانیت شوێنی ئازارەکە دەستنیشانبکرێت . ئەم جۆرە ئازارە وەک ژانێک
یاخود برینێک ھەستی پێدەکرێت و لەوانەیە قووڵ یان ڕووکەش بێت . نموونە بۆئەم جۆرە
ئازارە : ئازاری شکاوی، ئازاری ماسولکە، ئێسکەنەرمە، شێرپەنجەی پێست، سوتاوی ،
ئازاری جومگە، ھەوکردن.. ھتد .
٢- ئازاری دەمار (neuropathic pain): بەھۆی تێکشکاندن یاخود پەککەوتنی
کۆئەندامی دەمار ڕوودەدات .بەھۆی فشار یاخود برینداربوونی دەمارەخانەکان دەبنە ھۆی
لەکارکەوتنی سیگناڵی دەمارەکان و تێکچونیان .ئازارەکە بەجۆرێکە کەنازانیت لەکوێوە
دێت، و ھیچ پێکانێک و برینداریەکیش نییە . ھەروەھا ھەندێک جار ھەستکردن بە ئازار زیاد
دەکات ، بۆ ئەوشتانەی کە ئازار بەخشیش نین، وەکو : ھەوای سارد، جل و پۆشاک کەبەر جەستە
دەکەوێت . ئەم ئازارە زیاتر بەمشێوانە وەسف دەکرێن : سوتانەوە، بەستن ، سڕی، دەرزی
ئاژەنین، تیژ، تەزووی کارەبا ، جێگای چەقۆو گولە .
نموونە بۆ ئەم جۆرە ئازارە وەک : نەخۆشی شەکرە ،
ئازاری بەردەوامی دوای ڕووداوێک، ئازاری دەماری پێنجەمی دەموچاو، ھەوکردنی بەردەوامی
دەمارەکان، گیرانی دەماری دەست، ئینزلاقی بڕبڕەی مل و پشت ، ئازاری شێرپەنجەیی لە
ستەیجەکانی کۆتادا و لەکاتی بەکارھێنانی تیشک و چارەسەری کیمیاوی ...ھتد .
٣- ئازاری سایکۆجنیک (psyochogenic): ئەم تێرمە زۆر جار لە وەسفکردنی
جۆرە ئازارێک بەکاردێت ، کەبەھۆی تێکچوون و شڵەژانی باری دەروونییەوە، نەخۆش ھەست
بە گرژبوون و ئازار دەکات . بۆیە دەبینین نەخۆشەکە جگە لەھەستکردن بە ئازار ، خەمۆکی،
بێتاقەتی، سترێس..ھتد. کەئەمانە کاریگەریان دەبێت لەسەر ئازارەکەو زیادی دەکەن .
زانینی ئەوەی کە تۆ چ جۆرە ئازارێکت ھەیەو بەپێی ئەوە
مامەڵەی لەگەڵ بکەیت بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ نەخۆشەکە و بۆ پزیشکی چارەسەرکەریش . لەبەرئەوەی
بە تەواوی چارەسەرکردن و مامەڵەکردنی جیاوازە بۆ ھەر جۆرێک لە ئازارەکان .
ئامادەکردنى: د.ههڤین کهمال شاه محمد، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن