خانەوادەى هێرش سەنگەرى روونکردنەوە لەبارەی هۆکاری مردنی کوڕەکەیان دەدەن

کوردستان 06/10/2020

Alternate Text

خانەوادەى رۆژنامەنوس هێرش سەنگەرى لە روونکردنەوەیەکدا بەرپرسانى کەرتى تەندروستى گەرمیان بە کەمتەرخەم دەزانن لە بەدەمەوەچوونى کوڕە کۆچکردووەکەیان و داواى دەستلەکارکێشانەوەى بەڕێوەبەرى تەندروستى گەرمیان دەکەن.

لە روونکردنەوەکەى خانەوادەى هێرش سەنگەریدا هاتووە، چەند رۆژێک پێش گیانلەدەستدانى کوڕەکەیان چەند جارێک پەیوەندیان بە بەڕێوەبەرى تەندروستى گەرمیانەوە کردووە و داواى بوتڵى ئۆکسجین و ئەمبڵانسیان لێکردووە، بەڵام بە وتەى ئەو خانەوادەیە ئەو بەڕێوەبەرە ئامادە نەبووە هاوکاریان بکات و کەل وپەلى پێویستیان بۆ دابینبکات.

کەس و کارى ئەو رۆژنامەنوسە کە ئەمڕۆ بە هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە گیانى لەدەستدا، داوا دەکەن بەڕێوەبەرى تەندروستى گەرمیان دەست لەکاربکێشێتەوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەوان چیتر رێگە بەو بەڕێوەبەرە نادەن بچێتە سەر کارەکەى.

دەقى روونکردنەوەکەى خانەوادەى هێرش سەنگەرى..

روونکردنەوەیەک لەخانەوادەی لالە حەمە سەنگەرییەوە سەبارەت بەگیان لەدەستدانی هێرش سەنگەری و کەمتەرخەمیەکانی تەندروستی گەرمیان

بەداخەوە ئەمڕۆ جوانەمەرگەی کوڕمان لەتەمەنی٣٧ ساڵیدا بەجێیهێشتین و بۆئەبەد کەلار و گەرمیانی چۆڵکرد،ئەم کۆچەی هێرش بۆ ئێمەی کەسوکار کەمەرشکێن و بەئازارەبۆ وەسەتی ئیعلامی ئەم ناوچەیەش کەلێن وبۆشایی پڕنەکراوەیە،

بەپێویستی دەزانین بەروون و ڕەوانی قسەی خۆمان لەسەر کەمتەرخەمییەکانی سێکتەری تەندروستی بنووسین و مەرجی خۆشمان بخەینەڕوو خۆئەگەر مەرجەکانمان قەبوڵ نەکرێت ئەوا  ڕێگا نادەین ئەو کابرایە لەسلێمانییەوە بێتە گەرمیانی لانکەی ئەنفال و شەهیدان و قوربانیدان و باکی بە لەناوبردنی ژیانی خەڵکەکەی نەبێت و خەڵکی بەشمەینەتی ئەم ناوچەیە بەبەرچاویانەوە ڕۆڵەکانیان ببنە قوربانی بەڕێوەبردن و بڕیاری سەقەتی بەرپرسانی ئەو سێکتەرە.

لەبەرواری ١٠ی ٦ی ٢٠٢٠ باوکمان کۆچی دوایی کرد ئەو پیاوەی کە تا ژیانئاواییکرد ئامادە نەبوو وەک خەڵکی دیکە ملی ڕێگای هەندەران بگرێتەبەر بۆ چارەسەر ئامادەنەبوو ماندوێتییەکانی ماڵەوە بگۆڕێتەوە بە منەت و شاباشی ئەم و ئەو
باوکم تا ژیا لەسەردەمی پێشمەرگایەتی و شاخەوە تەنگە نەفەس بوو هەر بەو شێوەیەش مایەو تا مرد بەئاوازی دەنگی هەناسە تەنگیەکەیەوە ڕۆژمان ئەکردەوە ئەفسووس لەکۆتا ساتەکانی ژیانیدا هانامان بردە بەر نەخۆشخانەی کەلار کە مەنضومەیەکی مونتەسیبی تەندروستی گەرمیانە کەچی لەو کاتەدا ئامادەیی ئەوەمان نەبینی بوتڵێکی ئوکسجین بنێرنە ماڵەوە بۆی ئاخری  تا بوتڵەکەمان بە هەزار تەکلیف گەیاند باوکم وەفاتیکرد
 بەداخەوە ئەمڕۆ ٦ی١٠ کاکە هێرشی کوڕمان بەهەمان تراژیدیا دڵەگەورەکەی لەلێدان کەوت
جێی باسە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە دوای ئەوەی ٢ جار پەیوەندیمان پێوەکرد جەنابی د سیروانی مدیری صحەی گەرمیان تەلەفۆنەکەی هەڵنەگرتین، پاشان ٥ی ئەم مانگە واتە ٣ڕۆژدوای ئەو بەروارە جارێکیتر پەیوەندیمان پێوەکرد و تەلەفۆنەکەی هەڵگرت و پێمان ڕاگەیاند کە ئیمە کوڕی لالەحەمە سەنگەرین هێرشی برامان تەنگە نەفەسە پێویستمان بە ئۆکسجین و ئەمبوڵانسەکەچی جەنابیان بە ٢دێڕ وەڵامیان داینەوە بەم جۆرە
"من نە ئۆکسجین ئەدەم وە نەکەس ئەنێرم بۆ ماڵەوە بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشەکەتان وە نە ئیسعافیشتان پێئەدەم بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکەتان بۆ سلێمانی لەوێدا ڕەنجبێوەری نیشتیمانپەروەران و تێکۆشەرانمان کەوتەوە بیر"
ئەم دەنگەی سیروانی تەندروستی هەتا ئیستاش لە گوێماندا ئەزرینگێتەوە و گیان لەدەستدانی هێرش سەنگەری ئەهێنێتەوە پێش چاومان.

لەکۆتاییدا داوادەکەین ئەو بێحورمەتییەی بەرامبەر هاووڵاتیانی گەرمیان وکەسوکاری قوربانیان و پێشمەرگە دێرینەکان ڕابگیرێت گەر نا بەهیچ شێوەیەک قەبوڵی ناکەین، خەڵکانێک ماڵی حکومەت بە میزاج بەکاربێنن بۆ نیاز و مەرامی شەخسی
تکایە لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودابا سیروان دەست لەکاربکێشێتەوەو بڕواتەوە بۆ شارەکەی خۆی یان وەکو ووتمان ڕێگانادەین بچێتە سەرکارەکەی و دەرگای ژوورەکەی لێدادەخەین

خانەوادەی لالەحەمە سەنگەری
٦ی ١٠ی ٢٠٢٠

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا