ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕاپۆرتی سێ مانگی جێبەجێکردنی
یاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان بکات.
ماڵپەری حکومەتى هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/7 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی
کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا
، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە کرا لە بەر ڕۆشنایی خۆگونجاندن
لە گەڵ خشتەی مانگانەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی
فیدراڵییەوە . بۆ ئەم مەبەستەش ، ئەنجومەنی وەزیران ، وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد،ڕێکاریی
کارگێڕیی و دارایی پێویست لەمبارەیەوە بگرێتەبەر.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ، "د.عەبدولحەکیم
خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەمی
کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە ( 2) ی ساڵی 2020 خستەڕوو، کە تێیدا بڕیارو پەیڕەو ڕێنمایی و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی
یاساکە ڕوونکراونەتەوە ، لە گەڵ خستنەڕووی
پلانی حکومەت، بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی بەشەکانی تری یاسای چاکسازی ، لە
لایەن وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
لە کۆتایشدا ڕایگەیاندووە، "ئەنجومەنی وەزیران
بڕیاریدا ، لە ئایندەیەکی نزیکدا ، ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات هەروەک
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاپۆرتی خۆیدا لە بەردەم پەرلەمان ، ئاماژەی پێدابوو".