ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی
حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەی
ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا بریاردراوە ڕێنمای و
کوالیتی سوتەمەنى هاوردەکراو لەسەرجەم خاڵەسنورییەکان یەکبخرێت.
لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی
باڵای ئابوری هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا
ئەنجومەنەکە ڕایگەیاندووە، "لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا ، سەرۆکی حکوومەتی
هەرێمی کوردستان، کە هەرچەندە ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان بە گشتی، بە
دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕن ، بەڵام کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو
بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بیناتنانی ژێرخانێکی ئابووری بە هێز و سەرکەوتوو
، کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە عێراق
و ناوچەکەدا ، لە پێناو ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیجی" .
ئەوەش هاتووە، "لە
بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتی لیژنەیەکی
تایبەتی خستەڕوو سەبارەت بە کێشەی کوالێتی بەنزین وسووتەمەنی ھاوردەکراو لە دەرەوەی
ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا ، سەرجەم پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە
پەسەندکران ، لە نێویاندا گرنگیی یەکخستن و نوێکردنەوەی پێوەر و ستانداردە تەکنیکی
و تەندروستی و سەلامەتیی و ژینگەیی پێوانەی کوالیتی سووتەمەنیەکان، لەسەر تاسەری ھەرێم،
هەروەها ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی تاقیگەکانی ناوەندی پشکنینی کوالیتی سووتەمەنی لە
ھەرێم و دابینکردنی ئامێری پشکنین وپێداویستیەکانی و ڕاسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ و
ئاسایشی بازرگانی و تیمەکانی چاودێریی بازرگانی ، بۆ بەدواداچوونی بابەتی کوالیتی
سووتەمەنی ھاوردەکراو ، لە دەروازە سنوورییەکان و لە ناو عەمبارەکانی گلدانەوەی
سووتەمەنی و بەنزینخانەکان و ڕێگرتن لەو کەسانەی، کە ماددەی کیمیایی نەگونجاو بەکاردەھێنن
بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی بەنزین بە شێوەیەکی نادروست ، کە دەرئەنجامی نەرێنی و
خراپی ھەیە لەسەر ژیان و سەلامەتی ھاووڵاتییان و ژینگەی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای
لێکەوتە داراییەکانی. ئەنجومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی
ڕێکاریی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران".
لە کۆبوونەوەکەدا ، جەختکرایەوە
لەسەر وەرگرتنی باج لەسەر قازانجی کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی سووتەمەنی ، بە مەرجێک
ئەم ڕێکارانە کاریگەری نەبێ لەسەر زیادکردنی نرخی سووتەمەنی بۆ ھاووڵاتیانی بەکاربەر.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا،
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، ھێڵە گشتیيەکانی پڕۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی
ھزریی (حماية الملكية الفكرية) خستەڕوو بۆ پاراستنی مافەکانی خاوەندارێتی ھزری لە
بوارە جیاجیاکانی ھونەریی ، ئەدەبی ، زانستی ، بازرگانی و پیشەسازیی ، لە پێناوی
ھاندانی بزاڤی ھونەری و زانستی و پاراستنی مافی ئەوانەی لەم بوارانە کاردەکەن. لیژنەی
قانونی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا ، پەلە بكات لە پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکە و
ئامادەکردنەوەی بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بکات تا ڕەوانەی پەرلەمانی
کوردستان بکرێت. ئەم یاسایەش ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووری و ھاندانی
کۆمپانیاکان بۆ پشتیوانیکردنی خاوەن مافە ھزرییەکان ، هەروەها ڕێگرتن لە ھەر دەستدرێژیی
وپێشێلکارییەک لەسەر ئەم مافانە و بەرگرتن لە تەقلیدکردن و ساختەکردنی بەرھەمەکان
و کێبڕکێی ناڕەوا.