سەدان جۆری ڕۆماتیزم هەیە
و ڕەنگە هیچ ئەندامێکی جەستە نەبێت کە یەکێک لە جۆرەکانی ڕۆماتیزمە کاری لێنەکات!
چونکە ڕۆماتیزم کار لە کۆلاجین دەکات و لە پێکهاتەی بەشێکی زۆری جەستەشدا کۆلاجین
هەیە!
ئەم دەرکەوتانەی چاو،
لەوانەیە بەهۆی ڕۆماتیزم بن:
1- وشکیی چاو: وشکیی چاو هەندێکجار بەهۆی هێرشی
کۆئەندامی بەرگری دەبێت بە هەڵە بۆ سەر فرمێسکە ڕژێنەکان و تێکشاندن و لاوازکردنیان،
یاخود بە ڕیوشوێنی جیاجیای دیکە فرمێسک دەردان کەمبکرێتەوە (لە نەخۆشییەکانی شۆگرن،
رەقبوونی پێست و هەوکردنی ڕۆماتیدیی جومگە)
2- سۆ و هەوکردنی سپێنەی چاو: سووربوونەوەی
چاو، کە هەندێکجار بە ئازارە و زۆرکات بە قەترە ئاساییەکانی دژە سووربوونەوە
چاکنابێت، دەکرێ هەستیار بیت بە ڕوناکی و توانای بینین کەمببێتەوە (لە هەوکردنی ڕۆماتیدیی
جومگە، هەوکرنی کڕکڕاگە و نەخۆشیی ڤێگنەر)
3- هەوکردنی بیلبیلە (رەنگینە): نیشانەکانی بریتین
لە ئازاری چاو، سووربوونەوەی چاو و هەستیاریی بە ڕووناکی. هەوکردنەکە لە ڕەنگینەی
چاودایە و دەکەوێتە نێوان بەشی پشتەوە (تۆڕەی چاو) و سپینەی چاو (لە ڕۆماتیزمی پشت
و حەوز، ڕۆماتیزمی سەدەفی و نەخۆشیی بەهجەت)
4- گیرانی موولوولەکانی تۆڕی چاو: نیشانەکان بریتین
لە تاریکبوونی چاو (هەستدەکەیت پەردەیەک بەسەر چاوتدا دادراوەتەوە)، تاریکبوونەکە
زۆرکات کتوپڕە و ماوە ماوە دێت و دەڕوات، واتە چاکدەبێتەوە و ڕوودەداتەوە، هەندێکجاریش
دەبێتە گرفتێکی هەمیشەیی! (لە لووپەس (گورگەسوورە)، ڕەقبوونی پێست، نەخۆشیی بەهجەت،
نەخۆشیی سارکۆید و هەندێک جۆری هەوکردنی لوولەکانی خوێن کە هەموویان بە ڕۆماتیزم
دادەنرێن)
5- ئاوی ڕەشی چاو: نیشانەکان بریتین لە: ئازاری
چاو، تەڵخبوونی بینایی، بینینی خەرمانە بە دەوری ڕووناکیدا. بەزۆریی بەهۆی بەرزبوونەوەی
فشاری ناو گۆی چاوە کە دەماری بینین دەپەستێوێت و ئەگەر چارە نەکرێت دەمارەکە لەکاردەخات
و دەبێتەهۆی لەدەستدانی هەمیشەیی بینایی!
(لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز،ڕۆماتیزمی سەدەفی، لێکەوتەی نەخوازراوی هەندێک دەرمانی
ڕۆماتیزمیی)
6- ئاوی سپیی چاو: : نیشانەکان بریتین لە: تەڵخبوونی
بینین، تێکچوونی بینایی لە شەواندا، هەستکردن بە کالبونەوەی ڕەنگەکان! (لە ڕۆماتیزمی
پشت و حەوز، ڕۆماتیزمی سەدەفی، لێکەوتەی نەخوازراوی هەندێک دەرمانی ڕۆماتیزمی)
......
د. سەروەر سالار چوچانی
پزیشکی پسپۆڕی جومگە و
ڕۆماتیزم و فەقەرات