ئاژانسى هەواڵى سپۆتنیکى روسى بڵاویکردەوە، زۆربوونى ژمارەى تووشبووان بە
ڤایرۆسى کۆرۆنا لەم وەرزەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە وەرزى پایزاندا بە شیوەیەکى
گشتى ڤیتامین D لە لەشدا کەمدەبێتەوە و ئەوەش وادەکات سیستەمى بەرگرى لەش لاواز بێت و پەتا
وەرزییەکان و لە نێویشیاندا پەتاى کۆرۆنا ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى نەخۆش بخەن.
بە پێى هەواڵێکى ئاژانسەکە، ڤیتامینD سیستەمى بەرگرى لەش بەهێز دەکات و ڕێگە بە چوونەناوەوەى
ڤایرۆسەکان نادات یاخود ئەگەر بەهەر هۆکارێک کەسەکە تووشى پەتاى وەرزى بوو، ئەوا
ئەو ڤیتامینە وا دەکات نیشانەکان بە سوکى دەربکەون و نەخۆشەکەش زوو چاکبێتەوە.
لە راپۆرتەکەى سپۆتنیکى روسیدا هاتووە، بە هۆى ئەوەى لە وەرزى پایزدا تیشکى
خۆر ئەو کاریگەرییەى نامێنێت کە دبێتە هۆى پێدانى ڤیتامینD بە مرۆڤەکان، بۆیە بە شێوەیەکى ئاسایى بڕى ئەو ڤیتامینە لە لەشدا
کەمدەبێتەوە، ئەوەش وادەکات سیستەمى بەرگرى تاڕادەیەک لاواز بێت و ڤایرۆسەکان بچنە
ناو لەشەوە و خەڵکى نەخۆش بخەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسانەى بەڕێژەیەکى باش ڤیتامینD لە خوینیاندا هەیە، ئەگەرى تووشبوونیان بە ڤایرۆسى کۆرۆنا کەمترە،
لە کاتى تووشبونیشیاندا نیشانەکان بە کەمى تییاندا دەردەکەوێت و بە ئاسانیش پەتاکە
تێدەپەڕێنن.
لەبارەى چۆنێتى زیادکردنى ڤیتامینD لە خوێندا، ئاماژە بە خواردنى ماسى و خۆراکە دەریاییەکان کراوە کە
بڕێکى زۆر لە ئۆمیگا٣ و ڤیتامینD ى تێدایە و دەکرێت لە ڕێگەى
بەکارهێنانى ماسى لە ژەمەخواردنەکاندا و بەتایبەتى جۆرەکانى ماسى سەلەمون و ماکریل
و تونەوە بڕى پێویستى ئەو ڤیتامینە دابین بکرێت.